رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاوه‌ڕێی چوار جه‌نگ ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی بلوومبێرگ ئه‌مه‌ریكی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له راپۆرتێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، وێڕای نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتاییهاتنی رێكخراوی داعش، به‌ڵام هێشتا ناوچه‌كه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چاوه‌ڕێی چوار جه‌نگ ده‌كات، كه یه‌كێك له‌وانه له عێراق ده‌بێت.
ئاژانسه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا روونی كردووه‌ته‌وه، گرژییه‌كانی ناوچه‌كه روو له زیادبوون ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش دوای ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان، به‌تایبه‌ت كه تارانی تۆمه‌تبار كردووه به نانه‌وه‌ی ئاژاوه تێكدانی سه‌قامگیری.
سعوودیه و ئێران
له راپۆرتی ئاژانسه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌دا هاتووه: "شه‌ڕی راسته‌قینه، دوای شه‌ڕی داعش ده‌ستپێده‌كات كاتێك یاریزانه سه‌ره‌كییه‌كان له شه‌ڕه‌كه ده‌وه‌ستن".
سامی نادر، سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ كاروباری ستراتیژی له به‌یرووت، بۆ رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "شه‌ڕی یه‌كه‌م له نێوان سعوودیه و ئێران ده‌بێت"، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات "شه‌ڕێكی دووه‌میش، شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش گرژییه‌كانی نێوانیان له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتاییهاتنی شه‌ڕ له سووریا، زیاد بووه".
ئیسرائیل و حزبوڵڵا
دانیال شاپیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئیسرائیل، بۆ رۆژنامه‌كه جه‌خت له روودانی ئه‌و پێشهاتانه ده‌كاته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌واوی به‌رپرسیارێتییه‌كه له ئه‌ستۆی حزبوڵڵایه و دستپێشخه‌ری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له په‌نا شه‌ڕه‌كه‌دا، لوبنانییه‌كان یه‌ك بخات.
روونیشی ده‌كاته‌وه، شه‌ڕی نوێ له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا واتا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لوبنان و سووریا، له‌كاتێكدا حزبوڵڵا له نزیك سنووره‌كانی ئه‌و وڵاته پێگه‌ی خۆی قایم كردووه.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، به‌رپرسانی ئیسرائیل رێگه به مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئێران ناده‌ن له سووریا و گوتوویانه له‌و شه‌ڕه‌دا، نه‌ك ته‌نها حزبوڵڵا، به‌ڵكو ته‌واوی ژێرخانی لوبنان ده‌كرێنه ئامانج.
توركیا و كورد
بلوومبێرگ له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، ململانێی سێیه‌م له‌نێوان توركیا و كورد ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی ئێستا توركیا دوای ئه‌وه‌ی چووه ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، بووه‌ته یه‌كێك له لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی ململانێی سووریا و هێزه‌ی ره‌وانه‌ی سه‌ر سنووره‌كان كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، توركیا چه‌ند له بوونی رێكخراوی داعش نیگه‌رانه، هێنده‌ش له كوردی سووریا نیگه‌رانه، كه پێی وایه بووه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی وڵاته‌كه، كه به درێژایی شریتی سنووری نێوان سووریا و توركیا (باكوور و رۆژئاوای كوردستان) درێژبوونه‌ته‌وه و بوونی خۆیان سه‌لماندووه.
وه‌ك ئاژانسه‌كه باسی ده‌كات، ره‌نگه ململانێكانی نێوان توركیا و كورد نه‌گاته ئاستی پێكدادان، چونكه ئێستا توركیا ته‌نیا كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، كورد له دانووستانه‌كان له باره‌ی داهاتووی سووریا دوورخباتهوه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن به ئامانجی خۆیان بگه‌ن، كه گه‌یشتنه به حوكمی زاتی.
عێراق و كورد
سه‌باره‌ت به جه‌نگی چواره‌م، ئاژانسی بلوومبێرگ باس له‌وه ده‌كات، كه له نێوان عێراق و كورد ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی به كۆتاییهاتنی داعش، سه‌رنجه‌كان زیاتر ده‌كه‌ونه سه‌ر ناوخۆی عیراق، له ئێستاشدا گرژی له هه‌ندێك ناوچه‌ی باكوور (نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق – ناوچه‌كانی مادده‌ی 140)دا هه‌یه، كه ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت، دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیش حكوومه‌تی عێراق دژایه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندووه.
له كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا، ئاماژه به‌وه كراوه، كه هێزه عێراقییه‌كان له كۆتایی مانگی رابردوو، شاری كه‌ركووك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی "جێناكۆك به گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق" بگێڕنه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان.
وێڕای گرتنه‌به‌ری چه‌ند رێوشوێنێك، وه‌كو داخستنی سنوور و فڕۆكه‌خانه‌كان به رووی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان, دواتریش بارزانی ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو، به‌ڵام تا ئێستاش بژاره‌ی سه‌ربازی ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه كوردیش له‌و پێگه‌ی ئێستای ناڕازییه و هیچ ئاماژه‌یه‌كی ئه‌وتۆش بۆ سه‌قامگیری نییه.