كۆنگرەی یەكێتی لە نێوان چارەسەر و لێكترازان

مەترسی ھەیە گرووپێك دەست بەسەر یەكێتیدا بگرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، لە ژێر چوار سیناریۆدایە و بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانیان ناتوانن میکانیزمی بەرێوەچوونی کۆنگرە دیاری بکرێت، بەرپرسانی ئەو حزبەش پێان باشە بەشێك لە کێشەکان لە نێوکۆنگرە یەکلای بکرێنەوە و بەشێکی دیكەش دەخوان بەر لە كۆنگرە كێشەكان چارەبكرێن و هۆشداریش دەدەن بەهۆی نەبەستنی کۆنگرەوە کێشەکان بتەقنەوە.

رێبوار ئیسماعیل، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "دەبێ كۆنگرەی داھاتوو بەبێ رێككەوتن و بێ مەرج بێت، كۆنگرەیەك بێت كادیر بچێت نێو كۆنگرە بڕیاربدات، پێش كۆنگرە بڕیار نەدرێت سیناریۆ ئامادە نەكرێت و كۆنگرە تەنھا بۆ چەپەڵە لێدان بێت".

بەھۆی ململانێی نێوخۆی یەکێتی تا ئێستا رۆژی کۆنگرە دیارنەکراوە و باڵەکانیش دوای کۆچی دوای مام جەلال و رێککەوتنی 16ی ئۆکتۆبەر کێشەکانیان زەقتر بووەتەوە، مەترسیش دەکرێت کۆنگرە نەبەسترێت و گرفتەکان ئاڵۆزتر بن، بەرسێکی ئەو حزبە دەڵێت، تاکە رێگە بەستنی کۆنگرەیە و ھۆشداریش دەدات بەھۆی نەبەستنی کۆنگرە کێشەکان بتەقنەوە و مەترسیش بخاتە سەر ھەرێمی کوردستان.

ئازاد جۆڵا، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندیە گشتیەکانی یەکێتی بە كوردستان24 گوت: "ھەموو ئۆرگانێك كێشەی لێ دروست دەبێت، بەڵام پێویستە كە كێشە دروست دەبێت زوو چارەسەربكرێت، ھەر كێشەیەك بە ھەڵواسراوی مایەوە مەترسی زیاتری لێدەكرێت".