هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش عێراق و سووریا جێناهێڵن
K24 - هه‌ولێر:
جیمس ماتیس. وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، عێراق و سووریا جێناهێڵن تا دانووستانه‌كانی ئاشتی جنێڤ له سووریا پێشڤه‌چوون به‌خۆیانه‌وه نه‌بینن".
ماتیس، له باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا "پنتاگۆن" به ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌وانی گوتووه: "پاش كۆتایی داعش، ده‌ستبه‌جێ له عێراق و سووریا ناكشێینه‌وه و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه دانووستانه‌كانی جنێڤ پێشكه‌وتن به‌خۆیانه‌وه ببینن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پێویسته كارێكی تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاژاوه‌یه بكرێت، نه‌ك ته‌نها بایه‌خ به لایه‌نی سه‌ربازی بدرێت، ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ناوبردنی داعش و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسییه بۆ جه‌نگی ناوخۆیی سووریا".
ماتیس ده‌ڵێت: "ئێمه ته‌ئكیده له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه ده‌بێت كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌بار بۆ چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی بهێنینه ئاراوه، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش ئه‌وكاته دێته دی، كه رۆڵه‌كانی ئه‌و وڵاته كاروباری خۆیان بگرنه‌وه ده‌ست".
پێشتر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و رووسیا رایانگه‌یاندبوو كه "رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی سه‌ربازی كێشه‌كانی سووریا چاره‌سه‌ر ناكرێت و له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تییان بڵاوكرده‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو "سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و سه‌رۆك ڤلادیمێر پوتین رێككه‌وتوون كه، ململانێكانی سووریا به شێوه‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ناكرێت".