پارتی و گۆڕان چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن

شاندێكی پارتی دەچێتە سلێمانی

K24 - ھەولێر

پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند، ئەمرۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دەكات و دۆخی ھەرێمی كوردستان و دانووستانەكان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكات.

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "شاندەكەی پارتی پێكھاتوون لە رۆژ نوری شاوەیس، زەعیم  عەلی، عزەدین بەرواری، سەرەتا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن و دواتر لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە و تەوەری گفتوگۆكانیان لەسەر رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت، ھەروەھا باس لە یەك گوتاری كورد دەكەن بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا".

 گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییە لە رۆژانی داھاتوو بەردەوام دەبێت".

لە لایەكی دیكە ئیسماعیل نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "ئەمڕۆ شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سلێمان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات و رەوشی ئێستای كوردستان و پرسی دانووستان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكەن".

گوتیشی: "ئەم كۆبوونەوەیە بۆ گۆڕینەوەی دیدو بۆچوونە لە پێناو یەكڕیزی لایەنەكان، بۆ ئەوەی كۆتایی بە كێشەكانی نێوان ھەردوولا بھێندرێت".