ئەستێرەیەکی تۆتێنھام لە پێناو ریال مەدرید بهڕێوهبهری كارهكانی دەگۆرێت
به گوێرهی میدیایهكی ئینگلیزی، ئەستێرەیەکی تۆتێنھام هۆتسپێرزی ئینگلیزی نزیک بۆتەوە لە گریبەستکردن لەگەڵ خۆرخێ مێندێزی پورتوگالی بەرێوەبەری کارەکانی یاریزانان، بەو ھیوایەی بتوانێت لە داھاتوودا بۆ گەیشتن بە ریال مەدردید خەونەکهی بێنێتەدی.
رۆژنامەی Daily Mailـی بریتانا له چاپی ئهمڕۆ پێنجشهممه، 16 نۆڤێمبهری 2017، لە راپۆرته ههواڵێكدا ئاشكرای كردووه كه خۆرخی مێندێز بەرێوەبەری کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و خۆزێ مۆرینھۆ بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی نێو خانهوادهی دێلی ئالی ئەستێرەی تۆتێنھام گفتوگۆی کردووە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە یاریزانەکە بڕیاریداوە لە کۆتایی وەرز گرێبەستەکەی لەگەڵ رۆب سێگاڵی بەرێوەبەری کارەکانی خۆی ھەوڵوەشێنێتەوە.
رۆژنامەکە زیاتر روونیكردۆتهوه كه دێلی ئالی رازی دەبێت بە مۆرکردنی گرێبەست لەگەل مێندێز، پێش کۆتایھێنانی کارەکانی لەگەل سێگال، چونکە پێی وایە ئەو پەیوەندیە بەھێزەی مێندێز لەگەڵ یانەی مێرێنگی ھەیەتی، دەبێتە ھەوێنی گەیشتن بەریزەکانی ئهو یانهیه.
رۆژنامەکە ئەوەشی دووپات کردۆتەوە، کە دانی لێفی سەرۆکی یانەی تۆتێنھام بە ھیچ شێوەیەک بەئاسانی دەستبەرداری ئەو ئەستێرە لاوهكهی نابێت، لە کاتێکدا گرێبەستی دێلی ئالی له ساڵی 2022 كۆتایی دێت، یانەکە ھەوڵیش دەدات بە زیادکردنی مووچەی ھەفتانەی یاریزانەکە بۆ 50 ھەزار پاوەند لە ھەفتەیەکدا تاوەکو ماوەی گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوهش کردووە، ئەگەر لێفی سەرکەوتوو نەبوو لە ھێشتنەوە ئەو ئەستێرە ئینگلیزیە، ئەوا بە کەمتر لە 89, ملیۆن پاوەند دەستبەرداری نابێت، ئەوەش ھەمان نرخی گواستنەوەی پۆل بۆگبایە لە یۆڤێنتۆسەوە بۆ مان یونایتد کە ساڵی 2016 ئەنجامدرا.
ئامادەکردنی: بارزان ئەکرەم