وه‌زيرێكى عێراقى: هه‌ندێك ته‌قينه‌وه‌ى داعش به ئاگادارى خۆمان ئه‌نجام ده‌درا
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زيرى ناوخۆى عێراق، قاسم ئه‌عره‌جى بۆ يه‌كه‌مجاره ئاشكرايكردووه، هه‌ندێك له كرده‌وه تيرۆريستييه‌كانى داعش و ته‌قينه‌وه‌كانى له ناو شاره‌كان به ئاگادارى ده‌زگا هه‌واڵگرييه‌كانى عێراق بووه.
ئه‌عره‌جى گوتيشى: ئێمه توانيمان ريزى شانه نوستووه‌كانى داعش ببڕين و هه‌وڵ بده‌ين له‌و رێگه‌يه‌وه به‌ر به كرده‌وه تيرۆريستييه‌كانيان بگرين.
رۆژنامه‌ى ئيندپێندنتى بريتانى له زارى وه‌زيرى ناوخۆى عێراقه‌وه بڵاويكردووه‌ته‌وه، هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق به ئه‌نقه‌ست رێگه‌يان داوه چه‌كدارانى داعش هه‌ندێك ته‌قينه‌وه و كرده‌وه‌ى تيرۆريستى ئه‌نجام بده‌ن.
روونيشيكردووه‌ته‌وه، ئامانج له‌و كاره‌ى هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق پاراستنى ئه‌و سيخوڕانه بووه كه له ناو داعش چاندوويانه و ويستوويانه هه‌ندێك كرده‌وه ئه‌نجام بدرێن بۆ ئه‌وه‌ى گومانيان له‌سه‌ر درووست نه‌بێت و دواتر ئامارى هه‌ڵه‌يان له باره‌ى زيانه‌كانه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، له‌و رێگه‌يه‌وه توانراوه سه‌ره‌داوى ورد له باره‌ى شوێنى درووستكردنى بۆمبه چێندراوه‌كان و شاره‌زاكانى ئه‌و بواره تا ره‌وانه‌كردنيان بۆ ئامانجه‌كان به‌رده‌ست بخرێن و زۆر جار لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان ئه‌و شوێنانه‌يان چۆڵ ده‌كرد كه به ئامانج گيرابوون و هه‌ندێك كه‌س له‌وێ ده‌مانه‌وه كه ده‌يانزانى ته‌قينه‌وه رووده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن خۆيان له زيانه‌كان بپارێزن.
دانى به‌وه‌شدا ناوه كه هه‌ندێكجار لايه‌نه ئه‌منييه‌كانى عێراق پاره‌ى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌شيان داوه كه له لايه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه بۆمبڕێژكراوون و له‌سه‌ر خه‌رجى حكومه‌ت ئاماده‌كراوون بۆ ته‌قينه‌وه.
سه‌رچاوه: سپۆتينك