دەربارەی: کۆنفرێنسی ژینگە لە بۆن (خەمی هەمووان)

Kurd24

United Nations Climate Conference

لە 6ی نۆڤێمبەری ئەمساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆن کۆنفرێنسێکی تایبەت بە ژینگەی سەرپەرشتیکرد، کە تا 17 مانگ بەردەوام بوو. ئەم کۆنفرێنسە یان کۆبوونەوە گرنگە تایبەت بە ژینگە لە پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، پاش ئەوەی داتای تازە لەلایەن زانایان لەسەر پیستربوونی ژینگە لەوەی چاوەڕێ دەکرا دەستکەوت.

هەر لەو کۆبوونەوەیە، سەرکردە و نوێنەرانی 200 دەوڵەت و نەتەوە تێیدا بەشداربوون، بۆئەوەی گفتوگۆ بکەن، چۆن بتوانن ژینگە بە پاکی یان وەک ئەوەی ئێستا هەیە بپارێزن. داتاکان پیشانی دەدەن، کە چۆن هەوا لە 2014وە بۆماوەی سێ ساڵ جێگیربووە و دواتر لەناکاو پیستر بووە. لەم کۆنفرێنسە ڕاپۆرتێکی گرنگی ژینگەناسان بەناوی: (دە فاکتەی زانستی، مرۆڤ دەبی بیانزانی) باسی لێوەکراوە.

ئەم کۆنفرێنسە لەڕاستیدا، درێژەپێدانی کۆنفڕێنسی پاریسە، کە لە ساڵی 2015 بەسترا و وڵاتانی بەشداربوو بەیەکەوە ئامانجێکیان بۆخۆیان دیاریکرد، کە پلەی گەرمی لە جیهان تا کۆتایی ئەم سەدەیە نابی بە ڕێژەی 2٪  زیاتر بەرزبێتەوە و کاریش بۆ ڕێژەی 1.5٪ بکرێ. کورتەی چەند خاڵێکی (دە فاکتەی زانستی...) دەنووسین:

1. زانایانی جیۆلۆجی لەو بڕوایەدان، جیهان ئێستا لە قۆناغێکی تازەی جیۆلۆجی دایە و پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە و هۆی سەرەکیشی بۆ ئەو بەرزبوونەوەیە مرۆڤە.

2. زەمین بە شێوەیەکی گشتی لە قەیڕانێکی گەورەدایە و بەتایبەتیش بەستەڵەکی باکوور و غاباتەکانی ئەمەزۆن.

3. گەردەلولەکانی 2017 پیشانی دەدەن، لە داهاتوو لافاوی زیاتر هەڵبستن.

4. ئاستی ئاوی دەریا بەرزدەبێتەوە.

5. وڵاتانی هەژار دەبی پارەی زۆر بدەن، کە بارگرانیێكی گەورەیە بۆیان و ژینگەشیان کەم پیسکردووە.

6. ژینگە پیسی کاریگەری زۆر خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبیت و بەرهەمی خواردنیش کەم دەکاتەوە.

7. لە ساڵی 2015وە نزیکەی 19 ملیۆن کەس لەبەر کارەساتی سروشتی گەورە ناچارکراون کۆچ بکەن و بۆ شوێنێکی دیکە بگوازنەوە.وڵاتی چین هۆی سەرەکی پیسبوونی ژینگەیە و بە ڕێژەی 3.5٪ غازی پیس دەردەکا و بە ڕێژی 30٪ غازی پیسی هەموو جیهان لە چین دەردەکرێ. جگە لە چین لە هیندوستانیش دەرکردنی غازی پیس زیادی کردووە، لە هەمان کات لە ئەمریکا و ئەوروپا کەمتر بۆتەوە.

Carbon dioxide زۆر لەناو زەوی دەمینێتەوە، بۆیە ئەگەر  Carbon dioxideزیاتریش بەرەڵلا یان بەرهەم نەهێنین، کەشوهەوا دیسان یەکسەر فێنک نابێتەوە. چەند زیاتر کات بڕوا، ژینگە خراپتر دەبی و دەرەنجامەکەشی دەبی بۆماوەی سەدان ساڵ لەگەڵی بژین. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا دۆنالد تڕەمپ بڕیاریدا لە پێکهاتنی پاریس وازبێنی، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، کۆمەڵێک ویلایەت و پارێزگا بڕیاریانداوە نەچنە دەرەوە و لەسەری بەردەوامبن.ئەگەر بەشداربووانی کۆبوونەوە نەتوانن بڕیارەکانی کۆنفڕینسی پاریس جێبەجێبکەن و پلەی گەرما ڕابگرن، کۆمەڵێک کارەساتی گەورە لە جیهان ڕوودەدەن لەوانە: ژمارەی پەناهەندە زیاد دەبی، ئاو کەمدەبێتەوە، خواردن بەشناکا، نەخۆشی زۆر دەبی..

یەک لەو کارەساتانە، کە بە ڕوونی دیارە، تێکچوونی کەشوهەوای پایتەختی هیندوستان New Delhi ییە. هەوای نیو دەلهی بە ڕێژەیەک پیس بوو، لە رۆژی دووشەم ڕێکەوتی 13ی نۆڤێمبەری ئەمساڵ هەموو قوتابخانەکانی سەرەتایی لەبەر ژەهراویبوونی هەوا داخران. وەزیری پەروەردە  Manish Sisodia لە تویتەرێکی نووسی: لەبەر هەوای پیسی ناوشار، قوتابخانەکان تا کۆتایی هەفتە دادەخرێن. ئێمە ناتوانین سازش compromise لەسەر تەندروستی منداڵ بکەین. نزیکەی پێنج ملیۆن منداڵ لە 6000 قوتابخانە لە نیو دەلهی ناویان نووسرایە و دەخوێنن. ئەوەی هەیە، تەم نییە، بەڵکو دووکەڵێکی ژەهراوییە و هەوای شاری داپۆشییە.

ڕێژی پارتیکلە خراپەکان 30 جار لە ئاستی ئاسایی بەرزترە. لە نیو دەلهی 15 ملیۆن کەس دەژی. بەگوێرەی قسەی پزیشکان، هەوای دەلهی بەجۆرێک پیسە، وەک ئەوەی هەر کەسێک رۆژانە 50 جگەرە بکێشی. هۆی گەورەی ئەم ژینگە پیسبوونەی هیندوستان، بەرزبوونەوی ئاستی ژیانە و خەڵکێکی زۆر ئیمکانیاتی کڕینی ئۆتۆمبیل یان ماتۆڕی هەیە و بۆ سەر ئێش بەکاری دێنی. بە جۆرێک، کە رۆژانە 1400 ئۆتۆمبیل یان ماتۆڕی تازە لە پۆلیسی هاتوچۆی دەلهی تۆمار دەکرێن، کە لە ئێستادا، ژمارەیان گەیشتۆتە هەشت ملیۆن و نیو. لەو نەخۆشییانەی بەخیرا زیاد دەکەن، ئاستما و نەخۆشیەکانی دڵ لەناو گەنجان بۆتە ئاسایی. لە ساڵی 2015 چوار لە دە منداڵی هیندی لە پایتەخت کێشەی سییەکانیان هەبوو. ساڵانە لەبەر هەوای پیس تەنیا لە هیندوستان نزیکەی 600 هەزار کەس دەمری.