سهرۆك بارزانى: سهپاندنى ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبوڵ نییە

K24 – ههولێر:
سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و لق و ناوچەكانی پارێزگای هەولێر كۆبۆوە.
ئهمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەولێر و بەرپرس و كارگێڕانی لق و ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی پارێزگای هەولێرى سهر به پارتى ديموكراتى كوردستان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بە تێروتەسەلی باسی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان و ریفراندۆم و قۆناغی دوای ریفراندۆم كرد و وردەكاریی رووداوەكانی كەركووك و ئەو خیانەتەی شیكردەوە كە لەبەرامبەر گەلی كوردستان و كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام درا.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە دیالۆگ و دانوستاندن و چارەسەری ئاشتیانە و دەستووری بژاردەی گەلی كوردستان بووە و پێشێلكردنی بەردەوامی دەستوور و نەهێشتنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق وایكردووە كە ئەو بارودۆخە بێتە كایەوە.
گوتيشى: ئێستایش حكوومەتی هەرێم ئامادەی دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ بەغدا و ئەوەی پێویستە بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ دانوستاندن ئەنجامی داوە و سەرگرتنی ئەو پڕۆسەیە دەمێنێتەوە سەر حكوومەتی بەغدا كە واز لە مەرجە تەعجیزییەكانی بهێنێت.
هەروەها ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان دووپاتكردەوە، كە سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبوڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.