سەرۆك بارزانی: رووداوەكانی دوای ریفراندۆم سەلمانديان كە بڕیارەكەی گەلی كوردستان چەندە رەوا بووە

سه‌رۆك بارزانى لەگەڵ سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە كریستیانەكانی كوردستان كۆبۆوە

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە كریستیانەكانی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ كرا.

سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی نیشتیمانیی پارتە كریستیانەكانی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ریفراندۆم و باسی ئەو هۆكارانەی كرد كە هانی گەلی كوردستانی دا بڕیار لە ڕیفراندۆم بدەن و رووداوەكانی دوای ریفراندۆمیش سەلماندی كە بڕیارەكەی گەلی كوردستان چەندە دروست و ڕەوا بووە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق كرایەوە وەك چارەسەرێكی گونجاو بۆ پڕۆسەی سیاسیی هەرێم.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا تەئكید لەسەر ماف و بەشداریی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسی و گەرەنتی مافەكانیان لە دەستووری ئاییندەی هەرێمی كوردستان كرایەوە كە بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە بەڵگەنامەیەكدا پەسەند كرابوو.

بارودۆخی ناوچەكانی ده‌شتى نەینەوا و تەحەدی و هەڕەشەكانی بەردەم پێكەوەژیان و داهاتووی ئەو ناوچانە تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.