ھێزێكی ئەمریكی لە كەركووك جێگیر دەكرێت

"کورد بەشداری لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكە دەکات"

K24 - ھەولێر

ھێزێكی تایبەتی ئەمریكی بە 27 ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە كەركووك و  پەرلەمانتارێکی کورد رایگەیاند، هێزێکی ئەمریکی لەسەر داوای کورد و بە ئاگاداری حکومەتی عێراق لە سەربازگەی کەرکووك جێگیرکراوە.

بە پێی زانیارییەكانی كوردستان24 لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتوون، ئەو ھێزە ئەمریكییە چوونەتە كەركووك، لە سەربازگەی گەیارەوە چوونەتە شارەكە و تەنیا لە سەربازگەی كەیوان دەمێننەوە، بە پێی زانیارییەكان بە 27 ئۆتۆمبێلی سەربازی چوونەتە كەركووك و مەبەستیان ھاوكاریكردنی ئەو ھێزەی خۆیانە كە پێشتر لەوێ جێگیر بوون و دابەشكردنەوەی ھێزەكانی خۆیانە و ھیچ ئامانجێكی دیكەیان نییە.

لای خۆیەوە محەممەد عوسمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی جێگیربوونی هێزێکی سوپای ئەمریکا لە شاری کەرکووك بە کوردستان24 ی راگەیاند، هەفتەی رابردوو شاندێکی یەکێتی و هاوپەیمانان لەسەر پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداری سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانی نێو شاری کەرکووك لەو شارە رێککەوتوون، شەوی رابردووش رێککەوتنەکە جێبەجێکراوە و هێزێکی ئەمریکی لەو شارە جێگیرکراوە.

راشیگەیاند، کورد بەشداری لەو ژوورەی ئۆپەراسیۆنە دەکات و هاووڵاتییانی کەرکووك لەلایەن ئەو هێزانەی لەوێن رووبەڕووی چەندین دەستدرێژی و ئازاردان بوونەتەوە.

 ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هێزە بۆ راگرتنی باڵانسی نێوان پێکهاتەکان و پاراستنی هاووڵاتییان لەوێن.