داعش گرته‌ى سووتاندنى فڕۆكه‌وانێكى سوورياى بڵاوكرده‌وه‌

پله‌ى رائيد بوو له‌ هێزى ئاسمانى سووريا

K24 – هه‌ولێر:

رێكخراوى داعش، له‌ گرته‌يه‌كى ڤيديۆيدا ديمه‌نى سووتاندنى فڕۆكه‌وانى سووريا (عه‌زام عيد)ـى بڵاوكرده‌وه‌.

عه‌زام عيد، پله‌ى رائيد بوو له‌ هێزى ئاسمانى سووريا و له‌ نزيك تل دكوه‌ى قه‌له‌مونى خۆرهه‌ڵات له‌ له‌ نيسان/ ئه‌پريلى 2016دا فڕۆكه‌كه‌ى تێكشكا و كه‌وته‌ ده‌ست داعش و چاره‌نووسى به‌ ناديارى مابوويه‌وه‌، تا دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 30ى تشرينى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌رى 2017 داعش گرته‌ى سووتاندنى بڵاوكرده‌وه‌.

گرته‌كه‌ 58 خوله‌كه‌، تێيدا داعش ديمه‌نى شه‌ڕه‌كانى له‌ ته‌دموور، بيابانى سينا، باديه‌ى سووريا و هه‌ندێك ناوچه‌ى عێراق ده‌خاته‌ڕوو.

هه‌روه‌ها ديمه‌نى كوشتن و سه‌ربڕينى سه‌ربازه‌ عێراقى و سوورييه‌كانيشى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

دواتر ديمه‌نى سووتاندنى عه‌زام عيد خراوه‌ته‌ڕوو.

پێشتريش له‌ شوباتى 2015دا داعش فڕۆكه‌وانێكى ئه‌رده‌نى به‌ ناوى مه‌عاز كه‌ساسبه‌ى سووتاند، كه‌ فڕۆكه‌كه‌ى له‌ ره‌ققه‌ تێكشكا بوو.