رۆژئاواى كوردستان ده‌نگ ده‌دات

پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانييه‌كان ده‌ستيپێكرد
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

له‌ رۆژئاواى كوردستان و ناوچه‌كانى ژێر كۆنترۆڵى هه‌سه‌ده‌ له‌ باكوورى سووريا، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانييه‌كان ده‌ستيپێكرد.

په‌يامنێرى كوردستان 24 له‌ رۆژئاواى كوردستان رايگه‌ياند، بۆ ده‌نگدانى هاووڵاتيان هه‌زار و 285 بنكه‌ى ده‌نگدان كراونه‌ته‌وه‌ و زياتر له‌ 10 هه‌زار چاودێرى ناوخۆيى و بيانى سه‌رپه‌رشتى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و چاودێرى ده‌كه‌ن.

هه‌ڵبژاردنى ئه‌مڕۆ له‌ كۆتايى مانگى ته‌مموزى رابردوودا بڕيارى له‌ باره‌وه‌ درابوو و دواى 13 رۆژ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، ئه‌مڕۆ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستيپێكرد.

به‌ گوێره‌ى زانيارى كۆميسيۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ رۆژئاواى كوردستان زياتر له‌ 5 هه‌زار و 700 كه‌س خۆيان پاڵاوتووه‌ و 150 پاڵێوراويش پێشتر داواكارييان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمه‌كانى، جزيره‌ (كانتۆنى قاميشلۆ و حه‌سه‌كه‌) له‌ رۆژهه‌ڵات، فورات (كانتۆنى كوبانێ و گرێ سپى) له‌ ناوه‌ڕاست و عفرين ( كانتۆنى منبج) له‌ خۆرئاواى ناوچه‌كانى خۆبه‌ڕێوبه‌رى رۆژئاواى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت.