ئێرانیش پشكی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا هه‌یه .. له‌وانه‌یه زیاتریش بێت!!
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "جه‌ریده"ی كوێتی له‌بابه‌تێكدا نهێنیه‌كانی "هاوپه‌یمانی موجاهدین" كه‌له‌لایه‌ن هادی عامریه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت ئاشكرا ده‌كات، كه بڕیاره ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقدا بكات. وه‌ك رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، ئێران له‌ڕێگه‌ی "هاوپه‌یمانی موجاهدین"ـه‌وه پشكی خۆی له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا ده‌بێت، مه‌گه‌ر له ده‌سه‌ڵاتدا هه‌مووشی نه‌بات.
ئه‌و رۆژنامه‌یه نووسیویه‌تی" هادی عامری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در له‌وانه‌یه هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ نوری مالكی جێگری سه‌رۆك كۆماردا بكات و بۆ گه‌یشتن به پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ركابه‌رایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستاش بكات.
"جه‌ریده" له ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه بڵاویكردۆته‌وه "ئێران ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی به‌شداریپێكردنی هاوپه‌یمانی موجاهدین له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا ئه‌مرێكی واقع له‌عێراق درووست بكات، بۆ سه‌رخستنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ش هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆزه سوننییانه‌ی رۆژئاوای عێراق درووست ده‌كات كه په‌یوه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵدا هه‌یه".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، له‌وانه‌یه دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان هاوپه‌یمانی موجاهدین به سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری هاوپه‌یمانێتیه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ مالكی پێكبهێنێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌ده‌ست حزبی ده‌عوه بێته ده‌ره‌وه و بكه‌وێته ده‌ست كه‌سێكی هاوپه‌یمانی موجاهدین، هادی عامریش زۆرترین چانسی بۆ ئه‌و پۆسته هه‌یه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه "هه‌موو هه‌وڵ و ركابه‌رایه‌تی ئێستا له‌نێوان مالكی و عامریدا له‌سه‌ر جه‌مسه‌رگرتنی هێزه سوننیه‌كانه".
دوێنێش رۆژنامه‌ی "ئه‌خبار"ی نزیك له حزبوڵڵای لوبنانی له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی حزبه‌كه‌یان بڵاوكردبووه‌وه، هادی عامری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در سه‌رۆكایه‌تی "هاوپه‌یمانیی موجاهدین" ده‌كات، كه 8 گروپی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی تێدا به‌شدارن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، هه‌ریه‌ك له گروپه‌كانی رێكخراوی به‌در، عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق، بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با، ره‌وتی ریسالی و كه‌تائیب جوندول ئیمام له پێشه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دان، وێڕای چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا بۆ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه. ئه‌و رۆژنامه‌یه زانیاری زیاتر له‌مباره‌یه‌وه ده‌خاته روو و نووسیویه‌تی "هه‌ندێ هێزی سوننیش كه له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی هاوسۆزن به‌شداری له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا ده‌كه‌ن، وێڕای به‌شداریكردنی به‌شێك له حه‌شدی عه‌شایه‌ری، كه له‌ناوچه‌كانی رۆژئاوای عێراق له شه‌ڕی دژ به داعش به‌شدار بوون".
رۆژنامه‌ی "ئه‌خبار" نووسیبووی، ئه‌وه‌ی زۆرترین چانسی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا هه‌بوو "نوری مالكی" بوو، به‌ڵام به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ئێستادا هاوپه‌یمانێتیه‌كی نوێ پێك ده‌هێندرێت، كه ناتوانرێت پێشبینی پێگه‌ی مالكی له‌و هاوپه‌یمانێتیه‌دا بكرێت، چونكه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌وانه‌یه كه‌سانی دیكه پێش مالكی كه‌وتبن، له‌وانه‌ش هادی عامری كه ئێران وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می خۆی له عێراق سه‌یری ده‌كات.
ئاماژه‌كانیش به‌و ئاراسته‌یه‌ن، له‌لایه‌ك به له‌به‌رچاوگرتنی پشتگیری هه‌رێمی به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی موجاهدین توانی زۆرینه‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا ناوی هادی عامری له لیستی پێشنیازكراوه‌كاندا ده‌بێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت.