مالیكی له ماكرۆن نیگه‌رانه
K24 - هه‌ولێر:
نووری مالیكی، جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق، ره‌خنه له لێدوانه‌كانی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا ده‌گرێت كه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كردووه و ده‌ڵێت: "ده‌ستوه‌ردانی هه‌ر ده‌وڵه‌تیك و سه‌پاندنی ئیراده‌یان به‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقدا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
له به‌یاننامه‌یه‌كدا مالیكی رایگه‌یاندووه: "بۆ ئێمه مایه‌ی شۆكه كه ئیمانوێل ماكرۆن، ده‌ستوه‌رده‌داته كاروباری ناوخۆی عێراق و داوا ده‌كات ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی تێكۆشه‌ر هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه".
جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌ڵێت: "ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی فه‌ره‌نسا به توندی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و زیان به سه‌روه‌ری عێراق و دامه‌زراوه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ستووری فه‌ره‌نسیش ناكۆكه".
مالیكی ده‌ڵێت: "ته‌ئكید له ئیراده‌مان ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته دۆسته‌كاندا شه‌ڕی داعش بكه‌ین و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، به‌ڵام نامانه‌وێت هیچ ده‌وڵه‌وتێك ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقدا بسه‌پێنێ".
مالیكی داوای له كوتله سیاسییه‌كان كردووه هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوویان له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانی وڵاتان له كاروباری عێراق هه‌بێت به هه‌ر بیانو و پاساوێك بێت"، به‌ڵام نووری مالیكی هیچ كات داوایه‌كی له‌و شیوه‌یه‌ی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران نه‌كردووه و پێشتر رایگه‌یاندبوو: یه‌ك لیستی حه‌شدی شه‌عبی بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بیرۆكه‌ی من بووه‌و پاش هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستین".
ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه مالیكی ناوی هێنابوون، ئه‌و گرووپانه‌ن كه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئیرانه‌وه ئاراسته ده‌كرێن و حكومه‌تی عێراقی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا نییه.
مالیكی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو زیاتر به پاڵپشتی ئه‌و گرووپ و هاوپه‌یمانێتیانه ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه ده‌سه‌ڵات كه له ئێرانه‌وه نزیكن.
رۆژی شه‌ممه 2/12/2017 ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری، له كۆنگره‌یه‌كی میدیاییدا گووتی: "ده‌بێت میلیشیاكان له‌ناویاندا حه‌شدی شه‌عبی له عێراق، هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و لایه‌نه‌كان له‌ژێر چه‌تری ده‌ستوور دانووستان بكه‌ن و هه‌موو برگه‌كانی ده‌ستووره‌كه جێبه‌جێ بكرێت تا هه‌موو پێكهاته‌كان مافه‌كانیان به‌دیبێت و داهاتی وڵاتیش به یه‌كسانی به‌سه‌ر هه‌موواندا دابه‌شبكرێت".