پاپا بۆ موسڵمانانی رۆهینگا گریاوه
K24 - هه‌ولێر:
پاپا فره‌نسیس، رایگه‌یاند، له كاتی قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاواره‌كانی رۆهینگا له به‌نگلادیش و گوێگرتن له ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانییان، گریاوه.
پاپای ڤاتیكان راشیگه‌یاندووه، سه‌ردانیكردن و بینینی ئه‌و ئاوارانه، یه‌كێك بووه له مه‌رجه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ بۆرما و به‌نگلادیش.
پاپا له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌ردانه‌كه‌یدا، له ناو فڕۆكه بۆ رۆژنامه‌وانان رایگه‌یاندووه، بۆ حاڵی ئاواره‌كانی رۆهینگا گریاوه و هه‌وڵیشیداوه گریانه‌كه‌ی بشارێته‌وه.
هه‌رچه‌نده پاپا به راشكاوی و روونییه‌كه‌ی ناسراوه، به‌ڵام له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ بۆرما، ناچار بووه په‌نابه‌رێته به‌ر چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌ی دیپلۆماسی و به ناڕاسته‌وخۆ داوای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ی كردووه.
پاپا فره‌نسیس له به‌نگلادیش به شێوه‌یه‌كی روونتر باسی ئازاره‌كانی موسڵمانانی رۆهینگای كرد، كاتێك له كامپه‌كانی باشووری به‌نگلادیش راسته‌وخۆ له ره‌وشی ئه‌وانی پرسیوه.
پاپا ده‌ڵێت: "له دوای بینینی ئه‌وان له دڵی خۆمدا گوتم، ناتوانم بڕۆم و قسه‌یه‌كم بۆ ئه‌وان نه‌بێت بۆ گوتن".
پاپا یه‌كه‌مجار ده‌سته‌واژه‌ی رۆهینگا له به‌نگلادیش به‌كارهێنا، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن یه‌كێك له قه‌شه‌كانه‌وه پێی گوتراوه ئه‌گه‌ر باسی رۆهینگا بكات له بۆرما، كریستیانه‌كانیش دووچاری ته‌نگژه و كێشه ده‌كاته‌وه له‌و وڵاته.
بۆرمای زۆرینه‌ی بوزی، به ده‌سته‌واژه‌ی رۆهینگا هه‌ستیارن، چونكه ئه‌وان پێیان وانییه ئه‌وانه گرووپێكی ئایینی سه‌ربه‌خۆ بن، به‌ڵكو پێیان وایه گرووپێكی سه‌ره‌ڕۆن و له به‌نگلادیشه‌وه هاتوون.
پاپا روونیشی ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی له وتاره گشتییه‌كان به‌كارهێنابا، ده‌رگای گفتوگۆ له‌نێوان ئه‌و و به‌رپرسانی بۆرما داده‌خرا و گوتی: "ئه‌وانیش ده‌یانزانی له ده‌ربڕینه‌كاندا مه‌به‌ستم چییه".
به هۆی كوشتاری موسڵمانانی رۆهینگا له هه‌رێمی ئاراكان، له‌لایه‌ن سوپای بۆرماوه، زیاتر له 620 هه‌زار كه‌سییان ئاواره‌ی باشووری به‌نگلادیش بوونه و به گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش، میلیشیا بووزییه‌كان، ده‌ستدرێژی سێكسییان كردووه‌ته سه‌ر ژنان و خه‌ڵكییان به زیندوویی سووتاندووه.