دەربارەی ئەحمەد کایە و رەسیزمی هونەرمەندانی تورك

Kurd24

ئەحمەد کایە هاووڵاتیێکی ئاسایی لەدایکبووی شاری مەڵاتیای باکوری کوردستانە و بۆ باشتر کردنی گوزەرانی ژیان، خانەوادەکەی بۆ ئیستانبۆل کۆچ دەکەن.

ئەحمەد کایە دەنگ و بەهرەیەکی شاراوەی مەزنی هەبوو. ئەو شعری دەنووسی، مۆسیقای دەژەنی، ئاوازی دادەنا و گۆرانی دەگوت.

لە ساڵی 1985 یەکەم ئەلبومی گۆرانی بەناوی: Ağlama Bebeğim (مەگری بچکۆڵ) بڵاوکردەوە. لەبەرئەوەی هەڵبەستی گۆرانییەکانی شۆڕشگێرانەبوو، دەزگا ئەمنییەکان زوو قەدەغەی دەکەن، بەڵام لەناو جەماوەر پێشوازیێکی زۆر گەورەی لێدەکرێ، کاسێتەکەی دەستاودەست دەکات. لەگەڵ کات ناو و ناوبانگ زیاتر دەردەکات و لەسەرتاسەری وڵات دەناسرێ.

ئەحمەد کایە، لە 10ی شوباتی 1999 لە بەرنامەیەکی زندی موسیقی لە کەنالی Show TV خەڵاتی گۆرانیبێژی ساڵی پێدەدرێ و هەر لەوێندەر ئاشکرای دەکات، کە ئەو بەڕەگەز کوردە و لە ئەلبومی داهاتوو گۆرانیێکی بە زمانی کوردی تێدا و هیوادارە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوی بکەنەوە و خەڵکانێکی ئازاش هەبن، کلیپەکە پیشان بدەن. بەڵام ئەگەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەو کلیپە کوردییەی ئەو بڵاونەکەنەوە، چ وەڵامێکیان بۆ گەلی کورد دەبی؟

ئەگەر کەسێک سەیری ئەو بەرنامەیەی کەناڵی (Show TV) بکا، بە بیستنی وشەی کورد و کوردبوونی ئەحمەد کایە، زوو دەبینی چۆن، دەمووچاوەکان دەگۆڕدرێن... هەموو هونەرمەندە تورکەکانی ناو ئەو ستۆدیۆیە لە حاڵەتی شۆکدان و زمانیان لاڵبووە، گوێیان کەڕبووە، چاویان زەقبووە.

بۆ پینەکردنی ئەم کەشوهەوایە و رەواندنەوەی ترس لە شێوەی رۆبۆت Serdar Orta داوا لە ئامادەبووان دەکا بەیەک دەنگ و بە کۆرس گۆرانی: (چەند پیرۆزە وڵاتەکەم) بڵێن... هونەرمەندان پێڕاناگەن سەیری یەکتر بکەن، چاو زیاتر دەکەنەوە، هەڵدەستنە سەرپێ و هەندێکیان دەستیان لەسەر سینگ و ئەوانەی دیکەش وەک ئەفسەر لە حاڵەتی وریابووندان، پڕ بەدەمیان گۆرانی (چەند پیرۆزە وڵاتەکەم) دەڵێن... مۆسیقا ژەنەکان، بێئەوەی هیچ پڕاوەیان کردبی یان پێشتر خۆیان بۆ ئەم گۆرانییە ئامادەکردبێ، مۆسیقا دەژەنن و لە چەند چرکەیەک، تەواوی هونەرمەندانی ناو ئەم ستۆدیۆیە بە کۆرس و بە دەنگی زۆر بەرز گۆرانی (چەند پیرۆزە وڵاتەکەم) دەڵێن... ئەوان ئەم گۆرانییە دەڵێن، نەک لەبەر ئەوەی دەمێکە ئەو گۆرانییەیان نەگوتووە و  گۆرانییەکەیان پێخۆشە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەست دەکەن ئەمنی قەومی تورک کەوتە مەترسی و هەڕەشەی پارچەبوونی وڵات هەیە... بۆئەوەی لەم ساتانە وەکخۆی بگەیت، لە ناخی رەسیزمی تورک بگەیت، دەبی تەواوی بەرنامەکە لە ئینتەرنێت ببینیت...

ئەو هونەرمەندانەی بە جلە جوانەکانیان، تا پێش چەند خولەکێک پێکیان لە تەندروستی ئەحمەد کایە بەرزدەکردەوە، ئەویان وەک هونەرمەندی ساڵ دیاریکرد، برادەربوون و رۆژانە بەیەکەوە قسەیان دەکرد، لە بەرنامەکانی تەلەفزیۆن بەیەکەوە پێدەکەنین، ئێستا بەپێوە وەستاون و دەستیان لەسەر سینگە و وەک دوژمنێكی هەرە گەورەى تورک، وەک خاک و وڵاتفرۆش، وەک تێرۆریست سەیری ئەو هونەرمەندە مەزنەی ساڵ دەکەن، کە هەرئێستا بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵات چەپڵەیان بۆلێدابوو.

لەم ستۆدیۆیە دەنگی ژنێک دەبیسترێ هاواردەکات: هیچ رۆژنامەنووس لێرە نین، وەڵامی ئەو قسە پووچانە بداتەوە؟ چەند دەنگێکی دیکە هاواردەکەن: (هیچ شتێک بەناوی کورد نییە)...

من بینیم و هەستدەکەم، رەسیزم  لەناخی ئەم هونەرمەندانەی تورک بەشێوەیەک چاندرایە، هیچ هێزێك نییە رەشیبکاتەوە یان دەریبهێنێ. رەسیزم لە مێشکی ئەو هونەرمەندانەی تورک بەداخەوە لەجن ناچی، بە ئایەتێک، بە مەلایەک بە دوو حەیزەران لە لەش دەربکرێ، قڕێژ نییە دیار بێ، بە سابوونێکی ڕەقی مێشکیان، دڵیان، روویان پاک بکرێتەوە...

تەنیا دوو وشە، دوو وشەی زۆر هەق و ئاسایی و ڕەوا (من کوردم) لەناو چینێکی دیار و ڕۆشنبیری تورک، لە سەرەتای دوا ساڵی سەدەی بیست، کە هەموو ژیانیان لەگەڵ هونەر و مۆسیقا و کتێبخوێندنەوە و شعرنووسین و مۆسیقا ژەنین و ئاوازدانان بەڕێکردووە هەزم نەکرا...

ئاهەنگ تێکچوو، ئەحمەد کایە لە هۆڵ دەرکرا، هەزار جوێنی خوارد، نهێنیێکی ئاشکرا کرد و مێژووێکی پڕ لەشانازی بۆخۆی تۆمارکرد، تا کورد مابێ شانازی پێوەبکا... لە رۆژی دوایی و هەفتەکانی داهاتوو، هەزار و یەک درۆ و بوختان بۆ ئەحمەد کایە و خێزانەکەی لە تەواوی دەزگاکانی راگەیاندن هەڵبەسترا.

لە ٣٠ نیسان بە تۆمەتی خیانەت، دابەشکردنی تورکیا، یارمەتیدانی ئیرهاب، بۆبەردەم دادگا راکێشرا و لە یەکەم دادگای، هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە. ژیانی کەوتە مەترسی و ناچار ڕووی لە ئەوروپا کرد و پاریس، باوەشی بۆ کردەوە. بە ئاوارەبوونی پرۆسەی دادگا نەوەستا و لە غیابی ئەو دە ساڵ زیندانییان بۆ بڕیەوە.

بەر لە مردنی لە کۆنسێرتێکی گوتی: (من لە ئەوروپا سەرمامە، نەک لەبەر ئەوەی شوێنم نییە، ماڵم ساردە، بەڵکو لە بێ وڵاتی سەرمامە).

مرۆڤی بێ وڵات، هەتیوە، کەسی هەتیویش لە هیچ شوێنێک دڵی ئۆقرە ناگرێت و ئاوناخواتەوە، چونکە مرۆڤی بێ وڵات، لە جیهانێکی هەژار و بندەستە  و جیهانی زاڵمان دەژی. مرۆڤی ژێردەستە و بێ وڵات، قەت بۆخۆیان نەژیاین و ناژین.

ئەحمەد کایە لە 16ی نۆڤێمبەری 2000 بە جەڵتەی دڵ لە پاریس مرد و لە گۆڕستانی: Père Lachaise Cemetery ناشترا و لەدوای خۆی 17 ئەلبومی گۆرانی جێهێشت.

من جارێک، دوو، دە جار، لە ئینتەرنێت سەیری بەخشینی خەڵاتی کایە دەکەم، رەدفعلی (Reaction) هونەرمەندانی تورک بە بیستنی (من کوردم) دەبینم، تێدەگەم نەک تەنیا دەبی شێوەی خەباتمان بگۆڕین، بەڵکو دەبی لەمەودوا، خوتبەکانمان زیاتر بۆ میللەتانی: تورک، عەرەب و فارس ئاڕاستەبکەین، نەک بۆ حکومەتەکان، دەبی ئێمە کاربکەین، رەسزیم لەناو ئەوان کەم بکەین و پشتیوانی ئەوان بۆخۆمان زیاد بکەین، چونکە حکومەتەکان دێن و دەڕۆن، گەل لە شوێنی خۆی وەستاوە و دەمینێ.