حه‌شدی شه‌عبی: هێزه ئه‌مریكییه‌كانی كه‌ركووك داگیركه‌رن
K24 - هه‌ولێر:
عه‌لی حوسه‌ینی، گوته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی، له میحوه‌ری"باكوور" ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4/12/2017 رێككه‌وتنی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ره‌تكرده‌وه‌و گووتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بووڵی ناكه‌ین".
حوسه‌ینی به پێگه‌ی "بغداد الیوم"ـی گوتووه: "ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ئارامه و پێویستی به هیچ هێزێكی بیانی نییه، هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق به ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵده‌ستن و هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌پارێزن. بۆیه پاساوه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆ رێگه‌گرتن له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و پێشێلكاریی، راست نییه و هیچ پێشێلكارییه‌ك رووینه‌داوه، هێزه‌كانی عێراقیش به‌رپه‌رچی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی به‌ده‌ر له یاسا ده‌ده‌نه‌وه".
قسه‌كانی حوسه‌ینی له كاتێكدایه، به گوێره‌ی زانیاریی ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌دان ماڵ و موڵك و خانووی هاووڵاتیانیان له خورماتوو كه‌ركووك وێرانكردووه‌و سووتاندووه‌و به‌هۆی داگیركارییه‌كانی ئه‌و هێزانه‌وه، زیاتر له 180 هه‌زار كه‌س له‌و ناوچانه ئاواره بوون و رۆژانه پێشێلكاریی دژی پێكهاته‌كانی دیكه به‌تایبه‌تی كورد ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
گوته‌بێژه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وه‌یشی گوتووه: "ئه‌گه‌ر ئه‌و ھێزانه بێنه ئه‌و ناوچانه‌وه، ئێمه وه‌ك هێزی بیانی داگیركه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌هێزیش مامه‌ڵه بكه‌ن، به‌هێز به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌ینه‌وه، به‌ڵام ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه كه هیچ رێككه‌وتنێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ھێزه بیانیانه له‌و ناوچانه‌دا كرابێت".
له هه‌مان كاتدا ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ی ئه‌لمه‌دا بڵاویكردووه‌ته‌وه كه "ژماره‌یه‌ك به‌رچاو له‌و ھێزه ئه‌مریكیانه‌ی ساڵی 2011 له عێراق كشانه‌وه، گه‌ڕاونه‌ته‌وه باشووری كه‌ركووك و له‌و پێگه سه‌ربازیانه‌دا جێگربوونه‌ته‌وه كه ئه‌وكات تییدا بوون. بڕیاره به‌شداریی له ئیداره‌دانی دۆسێی ئه‌منی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بكه‌ن كه به "ده‌رگاكانی كه‌ركووك" ناوبراوه.
هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ئه‌مریكا قۆناغ به قۆناغ له‌و ناوچانه بڵاوده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له پیشیلكارییه‌كان بگرن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی به‌رپرسانی كورد، به‌شێكی ئه‌و هێزانه له فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی رۆژئاوای دووزخورماتووش جێگیر بوون.