"خه‌لافه‌ت" رووخاوه‌و كه‌س ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن ناگێڕێت
K24 - هه‌ولێر:
به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه و له‌ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوودا، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ئه‌مریكا له دژی داعش سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، بۆمبارانی مۆڵگه و پێگه و بنكه‌كانی داعشی له عێراق و سووریا كردووه، كۆی گشتی بۆمبارانهكان گه‌یشتوونه‌ته 300 هه‌زار بۆمباران، به‌ڵام رۆژی 26/11/2017 نه هیچ فڕۆكه‌یه‌ك چووه ئاسمان و نه بۆمبێكیش ته‌قێنرا.
هه‌فته‌یه‌ك پێش ئه‌وه، سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، دوایین ناوچه‌ی ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی داعشیان كۆنترۆڵكرد، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "400 سه‌ربازی ھێزی مارێنز كه بۆ جه‌نگی داعش ناردبوونیه سووریا ده‌گه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌ی خۆیان".
ئه‌و رووداوانه‌ش به‌شێوه‌یه‌كن وه‌ك بڵێی داعش به‌یه‌كجاری رووخابێ و شكستی هێنابێت. له كاتێكدا به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مریكی، هێشتا جه‌نگه‌كه ته‌واونه‌بووه.
هێشتا ئه‌ركی هێزه‌كانی عێراق و سووریا قورسه و ده‌بێت سنووره‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵاته‌كه بپارێزن، رێگه نه‌ده‌ن بۆشایی بمێنێته‌وه‌و چه‌كداره‌كان لێیه‌وه دزه‌بكه‌نه ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی سنووره‌وه. چونكه ساڵی 2014، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و بۆشاییانه‌وه، رێكخراوه بچووكه‌كه‌ی داعش، بووه ئه‌و "خه‌لافه‌ته" گه‌وره‌یه‌ی، تا ته‌خته‌كه‌ی رووخێنرا، خوێنی زۆری رشت و زیانی زۆری به ناوچه‌كه گه‌یاند. ئێستاش پاشماوه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه ماون و هێزه ئه‌منییه‌كان لێره و له‌وێ راویان ده‌نێن و له بیابانه‌كاندا، خۆیان له ناو تونێله‌كاندا شاردووه‌ته‌وه.
ئێستا هێزه‌كانی ئه‌مریكا دوایین كه‌سن كه هیچ رۆڵێكیان بۆ ئه‌م قۆناغه بۆ خۆیان دیاری نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر هاتوو شه‌ڕ به‌ته‌واوه‌تی كۆتاییهات. به‌رپرسانی ئه‌مریكی و عێراق له لێدوانه‌كانیاندا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یانداوه كه پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان ئه‌گه‌ریكی دوورنییه.
پیلانی خوێناوی داعش
ئه‌و پرسه‌ی زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه ئه‌وه‌یه، عێراق و سووریا هه‌رچه‌نده ئاماده‌یی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی و تیرۆریان هه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و ھێرشه‌ی له كۆتایی مانگی نۆڤه‌مبه‌ر كرایه سه‌ر مزگه‌وته‌كه‌ی باكووری سینای میسر و زیاتر له 300 كوژراو و برینداری لێكهوتهوه، ئه‌م دوو وڵاته‌ش له تیغی ئه‌و جۆره په‌لاماره دوورنهكهوتبنهوه. هه‌ر بۆیه هێزه‌كانی عێراق ده‌بێت رۆڵی پۆلیسی ببینن و زانیاری زۆر ورد كۆبكه‌نه‌وه، تا شانه نوستووه‌كانی داعش په‌رته‌وازه بكه‌ن.
گه‌ڕانه‌وه بۆ رهگهكهیان
كۆلۆنێل رایان دیلن، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی ئه‌مریكا هاوكاری هێزه‌كانی پۆلیس و سوپای عێراق ده‌كه‌ن و كاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له میلیشیا چه‌كداره‌كان بگرن، تا له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی پیش‌تر له‌ژێر ده‌ستیاندا بووه، هێرش ئه‌نجام نه‌ده‌ن. چونكه پێشبینی ده‌كه‌ین به‌ته‌واوه‌تی ره‌وشه‌كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌گه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان".
به‌ڵام له روویه‌كی دیكه‌وه، سیاسه‌ته چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كانی سووریا و عێراق و ململانێكانی ناوچه رزگاركراوه‌كان، كۆششی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، له رێچكه‌ی خۆی لاده‌دات.
فه‌ریق سامی عورهیزی، یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی ئه‌و سێ یه‌كه‌یه‌ی دژه تیرۆری كه ئه‌مریكییه‌كان راهێنانیان پێكردوون ده‌ڵێت: "هێزه‌كانمان له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان به درێژایی سنوورێكی فراوان بڵاوبوونه‌ته‌وه، له‌و ناوچانه‌ن ئێستا كێشه‌یان تێدایه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ئێمه نزیكی ناوچه كوردستانییهكانین، ئه‌مه بووه به كاری تازه‌مان".
ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ببێت، رێگه بۆ ئه‌و یه‌كانه‌ی دژه تیرۆر خۆش ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كاره بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی خۆیان كه شه‌ڕی دژی تیرۆر و رێگه‌گرتنه له ھێرشی هاوشێوه‌ی هێرشه‌كه‌ی مانگی ئه‌یلوولی رابردوو كه به‌هۆیه‌وه 80 زیاره‌تكاری شیعه كوژران. ئه‌و جۆره هه‌ڕه‌شانه‌یش هێشتا به‌رده‌وامه، هه‌رچه‌نده داعش له ناوچه‌كه‌دا رووبه‌ڕووی زیانی گه‌وره بووه‌ته‌وه.
رووبه‌رێكی فراوان
فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان ده‌ڵێن: "پارێزگاریكردن له‌و سنووره دوور و درێژه بیابانیانهی نێوان عێراق و سووریا، هه‌نگاوێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌كان بكات و رێگه له خوێنڕشتنی زیاتر بگرێت".
قاسم محه‌مه‌دی، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی رۆژئاوای ئه‌نبار ده‌ڵێت: "له‌و ناوچانه‌دا ریڕه‌وی زۆری دزه‌كردن و حه‌شارگه‌ی میلیشیاكان هه‌یه، هێزه‌كانی عێراق گه‌یشتوونه‌ته هه‌ندێك ناوچه، یه‌كه‌مینجاره دوای 14 ساڵ هێزی عێراقی بیبینێت".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه ده‌ڵێت: "ناوچه‌كه وه‌ك خاڵی مه‌شق و راهێنان و جووڵه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كانه، گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ر رووبه‌ڕوومان ببێته‌وه، گه‌وره‌یی رووبه‌ری ئه‌و كه‌رته‌یه، زۆر ئه‌سته‌مه بتوانین كێوماڵی هه‌موو ناوچه‌كه بكه‌ین".
له‌كاتێكدا سوپای عێراق پشتی به فرۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كان ده‌به‌ست تا بۆمبارانی ئه‌و ناوچه چۆڵ و دوورهدهستانهیان بۆ بكات، به‌ڵام گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ڵێت: "ئیتر هیچ پێویست ناكات فرۆكه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و ناوچانه بۆمباران بكه‌ن"، ئه‌وه‌ش پرسیاری له‌سه‌ر رۆڵی داهاتووی ئه‌مریكا لێكه‌وتووه‌ته‌وه كه چی دیكه ده‌كات له ناوچه‌كه‌دا؟".
دیارنه‌بوونی ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له قۆناغی ئێستادا، ئه‌و میلیشیا شیعیانه‌ی ئێران پاڵپشتیان ده‌كات، هانده‌دات تا ده‌نگیان به‌رزتر بێت دژی مانه‌وه‌یان له عێراق، چونكه ئه‌وان له زووه‌وه هاواریانه ده‌بێت دوای شه‌ڕی داعش، ئه‌مریكا له عێراق بكشێته‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشتر گوتبووی: " چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م له هێزه‌كانی ئه‌مریكا هه‌یه دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یان گه‌یشته 5200 سه‌رباز، ئیتر ده‌ست به پاشه‌كشه بكه‌نه‌وه‌و به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ژماره‌یه‌كیان له پێناو راهێنانی هێزه‌كانی عێراق بۆ چۆنییه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگریی و گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری بمیننه‌وه".
عه‌بادی ماوه‌ی رابردوو له دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتبووی: "ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی شێوازێكی نوێی تیرۆریستان و داعش، له ناوچه‌كه‌دا، له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی نییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو كه "عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا ئاهه‌نگ ناگێڕێت، تا ئه‌و میلیشیانه له بیابانه‌كانی رۆژئاوای وڵات ده‌رنه‌كات و سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا كۆنترۆڵ نه‌كاته‌وه".
ئه‌سه‌د و ئێران
له‌و دیوی سنووره‌كانی عێراقه‌وه سووریایه، له‌وێ ره‌وشه‌كه تاریكتره، ئیداره‌ی تره‌مپ بۆ ئه‌وێ قسه‌یه‌كی دیكه‌ی كردووه، ده‌ڵێن تا كێشه سیاسییه‌كانی سووریا چاره‌سه‌ر نه‌بێت و ئه‌ركێكی كراوه‌مان ده‌بێت. ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ش له‌و كاته‌ی رووس و ئیران و هاوپه‌یمانانی ئه‌سه‌د و نه‌یارانی ئه‌و رژێمه كه ئه‌مریكا پاڵپشتیان ده‌كات، له مهیدانهكهیدان، پێناچێت وا به زوویی سه‌ربگرێ و سووریا سه‌قامگیر ببێته‌وه.
شاره‌زایانی بارودۆخه‌كه و سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ده‌ڵین: هێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له سووریا، ئه‌و ژینگه شێواوه سیاسیه‌ی وڵاتی تیدایه، رێگه بۆ میلیشیاكان خۆش ده‌كات، تا سه‌رله‌نوێ هێزه‌كانیان رێكبخه‌نه‌وه‌و ده‌ركه‌ونه‌وه".
تۆبیاس شنایده‌ر، شرۆڤه‌كاری ئه‌منی ده‌ڵێت: "حكومه‌ته‌كان حه‌زده‌كه‌ن له‌باره‌ی داعشه‌وه به ژماره و پێوه‌ر و ئه‌و شارانه‌ی كۆنترۆڵیان كردوونه‌ته‌وه قسه بكه‌ن، به‌ڵام هێزی سیاسی و ئایدۆلۆژی داعشیان له‌بیرچووه، ئه‌وه‌ش له‌و جیهانه ئاگادارمان ده‌كاته‌وه كه خه‌ڵكی له عێراق و سووریا تێیدا ده‌ژین، له راستیدا ئێمه یه‌ك هه‌نگاویش له‌و چاره‌سه‌ره سیاسیانه نزیك نه‌بووینه‌ته‌وه".
چونكه له‌وكاته‌ی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان خۆی ئاماده كردووه‌ته‌وه، هه‌زاران كه‌سی توڕه له‌و دیوی شیشی زیندانه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌وه رق ئه‌ستوورتر بوون. بارودۆخی خراپی ئابووری و شوێنه‌واره‌كانی وێرانه‌یی جه‌نگه 6 ساڵییه‌كه، ژیانی خه‌ڵكی وێرانكردووهو ده‌بێت به‌په‌له فریاگوزارییان بگاتێ.
مسته‌فا سیجری، یه‌كێك له به‌رپرسانی لیوای موعته‌سه‌م كه گرووپێكی ئۆپۆزیسیۆنن و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێن ده‌ڵێت: "گرووپه تیرۆریسته‌كان كۆتاییان نایه‌ت، مادام ئه‌و بارودۆخه ماوه كه به‌هۆیه‌وه گه‌شه‌یان كردووه". له كاتێكدا گرووپه‌كه‌یان كه‌وتوونه‌ته ئه‌و ناوچانه‌ی "توركیا ئارامی بۆ دابین كردووه" به‌ڵام به درێژایی ساڵی رابردوو رووبه‌ڕووی زنجیره‌یه‌ك هێرش بوونه‌ته‌وه".
بهكریگیراوه نهێنییه‌كانی داعش
شرۆڤه‌كاران ده‌ڵین: "ئه‌و گرووپانه‌ی له بری ئێران و ئه‌مریكا دژی داعش له شه‌ڕدان، له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌بنه كێشه له سووریا‌ن".
شنایده‌ر ده‌ڵێت: "پێموایه ئێمه له مه‌ترسی ئه‌و ناوچانه كه‌مده‌كه‌ینه‌وه كه ده‌ڵێن له‌ژیر كۆنترۆڵی هێزی حكومه‌تی سووریادان، له راستیدا كه‌وتوونه‌ته ژێر كۆنترۆڵی هیزه‌كانی ناوخۆ كه سۆزیان بۆ لایه‌نی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی دیكه هه‌یه، بۆیه كاریكی زۆر ئه‌سته‌مه بتوانرێت سۆزیان بگۆڕن".
نیكۆلاس هیراس، له ناوه‌ندی نوێی ئاسایشی ئه‌مریكی كه باره‌گاكه‌ی له واشتنه ده‌ڵێت: "له راستیدا هێزه ده‌ره‌كییه‌كان كۆتاییان به داعش هێناوه، له‌سه‌ر ئه‌مریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی پێویسته سه‌رنج بخه‌نه سه‌ر سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیریی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌تووه‌ته‌وه ژێر ده‌ستیان".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌ڵام ھێشتا ئه‌و پرسه بۆ ئه‌مریكا و هاوبه‌شه‌كانی مایه‌ی نیگه‌رانییه، دوو دڵن له‌وه‌ی تا چ پله‌یه‌ك داعش ده‌توانێت ئه‌ندامانی له ناویاندا بچێنێت، ترسه‌كه‌یش له‌وه‌یه سوورییه‌كان بخزێننه ناو پێكهاته‌ی ده‌زگا ئه‌منی و حكومییه‌كانه‌وه، كه ئێستا بۆ گۆڕینی سه‌رده‌می حوكمی داعش، خه‌ریكی درووستكردنی ئه‌و په‌یكه‌ربه‌ندی و دامه‌زراوانه‌ن".
ئه‌وه‌ی به‌تایبه‌تی جیگای نیگه‌رانیشه، ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی سووریایه كه له رابردوودا چه‌كدارانی داعش به چڕی تێیدا كۆببوونه‌وه.
هیراس ده‌ڵێت: "ئه‌و ناوچانه، دراوسیی عێراقن، ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تی رووبدات، ده‌بنه ده‌ریایه‌ك له ناڕه‌زایه‌تی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و داعش له ماوه‌ی چه‌ند مانگ و ساڵی داهاتوودا سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه ناویان".