دوژمنایەتی نێوان مۆرینھۆ و گواردیۆلا سه‌ريهه‌ڵدايه‌وه‌

سبه‌ى مۆرينهۆ و گوارديۆلا ئاگر له‌ پرێمه‌رليگ به‌رده‌ده‌ن

 

 سبه‌ى یەکشەممە لە گەڕی 16ـی پریمەرلیگ، یانەی مان یونایتد لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد لە یاری لوتکەدا میوانداريی یانەی مان سیتی دەکات، به‌مه‌ش جارێكى ديكه‌ به‌يه‌كگه‌يشتنى مۆرينهۆ و گوارديۆلا سه‌رنجى ميدياكانى جيهان بۆخۆيان راده‌كێشن، به‌وپێيه‌ى زۆرجار به‌شێوه‌يه‌كى ده‌مارگرژى و شه‌رانگێزى له‌ دژى يه‌كتر ده‌رده‌كه‌ون و به‌شێك له‌ ميدياكانيش وه‌ك دوو دوژمن وه‌سفيان ده‌كه‌ن.

یانەی مان سیتی بە کۆکردنەوەی 43 خاڵ لە پێشەنگە و بەجیاوازی 8 خاڵ لە پێش مان یونایتدە، یانەی شەیتانە سوورەکان ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوەیە لە یارییەکەدا براوە بێت بۆ ئەوەی جیاوازیەکەی کەم بکاتەوە.

ھەمیشە روبەڕوبونەوەی مۆرینھۆ و گواردیۆلا جێی بایەخی ھاندەران و میدیا بووە، پێشتر وەک راھێنەر 19 جار روبەروی یەکتربونەتەوە، گواردیۆلا لە 9 یاری براوە بووە، مۆرینھۆش لە 4 یاریدا بردنەوەی تۆمار کردووە و 4 یاریش به‌يه‌كسانبوون ته‌واو بووه‌.

ھەردوو راھێنەر لە چامپیونز لیگ 6 جار دژی یەکتر وەستاون، ھەروەھا 4 جار لە خولی ئیسپانی و 3 جاریش لە جامی شای ئیسپانیا و 2 یاریش لە جامی سووپەری ئیسپانی و 2 یاری تریش لە پریمەرلیگ و یەک یاری لە جامی یەکێتی یانەکانی ئینگلترا و یەک یاری دۆستانە.

یەکەم روبەڕوبونەوە لە چامپیونز لیگ

ھەردوو راھێنەر یەکەم یاری لە وەرزی 2009 ـ 2010 لە چامپیونز لیگ روبەروی یەکتربوونەوە، لەو کاتەی مۆرینھۆ راھێنەری ئینتەرمیلان بوو، گواردیۆلاش راھێنەری بارسا بوو، لەو وەرزەدا 4 جار دژی یەکتر یارییان کرد، چونکە لە قۆناغی گرووپەکان لەیەک گرووپ بوون و لە قۆناغی نیوەی کۆتایی جارێکی تر روبەروی یەکتر بوونەوە.

یاری چوون لە قۆناغی گرووپەکان لە یاریگای جوزێپی میاتزا بە بەرامبەر بوون کۆتایی ھات، یاری گەڕانەوە لە یاریگای کامب نو یانەی بارسا بەئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام براوە بوو.

مۆرینھۆ، گواردیۆلای دوور خستەوە

ھەردوو یانە لە قۆناغی نیوەی کۆتایی بەریەک کەوتن، ئینتەرمیلان لە یاری چوون بەئەنجامی (3 ـ 1) سەرکەوتنی تۆمار کرد، لە یاری گەڕانەوەدا بارسا بەئەنجامی (1 ـ 0) براوە بوو، بەڵام بەئەنجامی یاری ھاتن و چوون یانەی بارسا ماڵئاوایی کرد.

یەکەم کلاسیکۆ مۆرینھۆ شکۆی شکا

پاشان لە وەرزی 2010 ـ 2011 لە یەکەم کلاسیکۆدا جارێکی تر مۆرینھۆ و پیپ رووبەرووی یەکتربوونەوە، لەوکاتەی راھێنەرە پورتوگالیەکە راھێنەری یانەی ریال مەدرید بوو، لەو یارییەدا یانەی شاھانە رووبەرووی شکستێکی مێژوویی بوویەوە و بە ئەنجامی 5 گۆڵلا بێوه‌ڵام شكستى هێنا. کە ئەمە گەورەترین شکستی راھێنەرە پورتوگالیەکە بوو، لە یاری گەڕانەوەدا لە گەڕی 38 ھەردوو یانەی لە یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ بەگۆلێک بەرامبەر بوون.

لە جامی شا، گواردیۆلا باڵا دەست بووە

ھەردوو راھێنەر لە جامی شا 3 جار روبەروی یەکتر بونەتەوە، لە یاری کۆتایی وەرزی 2010 ـ 2011 ریال مەدرید بە تاکە گۆڵێک بردنەوەی دەستخست و جامەکەی بەرز کردەوە، ھەروەھا لە وەرزی 2011 ـ 2012 لە قۆناغی چارەگی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، بارسا لە یاری چوون لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەئەنجامی (2 ـ 1) سەرکەوتنی بەدەستھێنا و ھەردوو یانەش لە یاری ھاتندا (2 ـ 2) یەکسان بوون، بەم شێوەیە بارسا بۆ قۆناغی دواتر پەڕیەوە و دواجار جامەکەشی لە ئامێز گرت.

لە جامی سووپەر مۆرینھۆ شکستی ھێنا 

ھەروەھا ھەردوو یانە لە جامی سوپەر کلاسیکۆی ئیسپانیا لە وەرزی 2011 ـ 2012 بارسێلۆنای گواردیۆلا لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ بە دوو گۆڵ لەگەڵ ریال مەدریدی مۆرینھۆ بەرامبەر بوو، پاشان لە یاریگای کامب نو بەئەنجامی (3-3) سەرکەوتنی تۆمار کرد.

لە چامپیونز لیگ ھاوسەنگن

لە قۆناعی نیوەی کۆتایی چامپینز لیگ ھەردوو راھێنەر بە درێسی کلاسیکۆ لە وەرزی 2010 ـ 2011 بەریەککەوتن، یاری چوون لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ (2 ـ 2) تەواو بوو، یاری ھاتنیش لە کامب نو بەئەنجامی (1 ـ 1) کۆتایی ھات.

لە پریمەرلیگ تا ئێستە گواردیۆلا باشترە

لە پریمەرلیگ ھەردوو راھێنەر دوو جار روبەروی یەکتر بونەتەوە ئەویش لە وەرزی رابردوو بوو، گواردیۆلا کە ئێستە راھێنەری مان سیتیە لە یاریگای ئۆلد ترافۆرد بەئەنجامی (2 ـ 1) بردنەوەی بەدەستھێنا و ھەردوو یانە لە یاری ھاتندا لە یاریگای ئیتیحاد بەبێ گۆڵ یاریگایان بەجێھێشت.

تاکە بردنەوەی مۆرینھۆ کامەیە؟

تاکە بردنەوەی سپیشەل وەن بەرامبەر پیپ لە ئينگلاند، لە جامی یەکێتی یانەکانی ئينگلاند بوو کاتێک مان يوو لە یاریگای خۆی بە تاکە گۆڵێک بردنەوەی مسۆگەر کرد.

 

کامەیان لە تاکە یارییە دۆستانەکە براوە بوون؟

ھەردوو راھێنەریش لە یەک یاری دۆستانە روبەروی یەکتر بونەتەوە، لەو کاتەی مۆرینھۆ راھێنەری یانەی چێڵسی بوو، گواردیۆلاش راھێنەری بایرن ميونشن بوو، یاریەکەیش بە بردنەوەی یانە باڤارييه‌كه‌ کۆتایی ھات.

ئاماده‌كردنى: مه‌سعوود حه‌سه‌ن