حكومەتی عێراق ئازاری تووشبوانی تالاسیما دەدات

ناچاربووین كچەكەمان لە نەخۆشخانەوە ببەینەوە ماڵ
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەھۆی بڕینی داو دەرمان لەلایەن بەغداوە تووشبوانی تالاسیما لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی نەبوونی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەكەیان باری تەندروستیان بەرەو خراپتر دەچێت.

یەكێك لە نەخۆشەكان بەناوی ئاسیا، دوای ئەوەی كە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان كەسوكاری لە نەخۆشخانە ھێنایتیانەوە ماڵەوە، ئێستا باری تەندروستی زۆر خراپتربووە ئەو دەڵێت: "ئێستا باری تەندروستیم زۆر خراپ بووە، دوومانگ پێش ئێستا بە پێی خۆم دەڕۆیشتم".

دایكی ئاسیا بە كوردستان24 گوت: "پێشتر كچەكەمان لە نەخۆشخانە بوو، بەڵام خۆمان لە دەرەوەی نەخۆشخانە دەرمان و دەرزییەكانمان دەكڕی، ئێمەش باری دارییمان باش نییە و بۆیە ناچاربووین كچەكەمان لە نەخۆشخانە بێنینەوە ماڵەوە".

ئەوەش دەخاتەڕوو: "ئەوان پێویستیان بە ھاوكاری خێرخوازانە بۆ ئەوەی كچەكەم رزگار بكەن".