سه‌رۆك بارزانى: ریفراندۆم بەجێگەیاندنی ئەرك و پەیامێكی راست و رەوا بوو

سەرۆك مه‌سعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حزبی و ئیداریی دەڤەری بادینان كۆبۆوە

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مه‌سعود بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حزبی و ئیداریی دەڤەری بادینان كۆبۆوە و رايگه‌ياند، ریفراندۆم بەجێگەیاندنی ئەرك و پەیامێكی راست و رەوا بوو.

ئه‌مڕۆ شەممە 16ـی 12ـی 2017 لە شاری دهۆك سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ بەرپرس و كارگێڕ و ئەندامانی لق و ناوچە و ئەندامانی پارلەمان له‌ فراكسيۆنى پارتى و بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی و كەوادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەشكرد و لە وتەكەیدا سوپاسی هەڵوێست و قوربانیدانی جەماوەری سەربەرزی دەڤەری بادینان لە شەڕی تیرۆر و بەشداریی بەرفراوانی ئەو دەڤەرەی لە پڕۆسەی ریفراندۆم كرد. 

سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ خۆڕاگری و قوربانیدان و پابەندبوونی خەڵكی ئەم دەڤەرە بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان و سڵاوی بۆ گیانی پاكی شەهیدان نارد و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خواست.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و وردەكاریی ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەڵسوكەوت و پەرچەكردارەكانی حكوومەتی عێراقی بۆ ئامادەبووان شیكردەوە.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو هۆكارانەی كە هانی گەلی كوردستانی دا كە بڕیاری ڕیفراندۆم بدات، جەختی لەوە كردەوە كە ڕیفراندۆم بەجێگەیاندنی ئەرك و پەیامێكی ڕاست و ڕەوا بووە.

لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی تەئكیدی لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە وەك چارەسەرێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی هەرێم.

ئەوەیشی خستەڕوو، كە پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە و بپارێزرێت و ئەرك و مافی هەموو لایەك بە یەكسانی دیاری بكرێت.