رۆژین باوەش بۆ ئاوارەكان دەكاتەوە

دەبێ بە ھەموو توانایەكەوە ھاوكارییان بكەین
kurdistan24.net

K24 - ئامەد

كەمپینێكی ھاوكاری كردن بۆ منداڵانی ناوچەی سووری شاری ئامەد لە ژێر ناوی (زارۆكێن مە) راگەیەندرا، ھونەرمەند رۆژین، یەكێك بوو لەو كەسانەی كە بەشداری لە كەمپینەكە كردبوو.

لەگەڵ ھاتنی بۆ ناو ئەو ھۆڵەی كە ھاوكاری لێ دابەش دەكرا، منداڵانی ئاوارە دەوری رۆژینیاندا و رۆژین باوەشی بۆ كردنەوە، بۆ ئەوەی بۆ چەند ساتێك زەردەخەنە بخاتە سەر لێو منداڵانی ئاوارە.

رۆژین بە كوردستان24 گوت: "ئێمە میللەتێكی بندەستین، زۆربەی منداڵانیشمان ھەژاری دەژین، دەبێ بە ھەموو توانایەك ھاوكارییان بكەین، جگە لەوەی ھاوكاریان دەكەین كاتێك منداڵان لە نزیكەوە ھونەرمەندێكی كورد دەبینن دڵخۆش دەبن و ھونەری كوردیان خۆشدەوێت".

خانمە ھونەرمەند رۆژین، خەڵكی باكووری كوردستانە و خاوەن چەند بەرھەمێكی ھونەرییە، لە ماوەی رابردوودا چەند لاوك و گۆرانیەكی بۆ گەل و نیشتمان گوتووە و بەشداریشی لە زۆربەی بۆنە نەتەوەییەكان لە باشوور و باكووری كوردستان كردووە.