له سلێمانی بڵاوه به خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت و ده‌نگی ته‌قه بیستراوه
K24 - هه‌ولێر:
هێزه ئه‌منییه‌كانی شاری سلێمانی بۆ بڵاوه‌پێكردنی ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران هاتوونه‌ته به‌رده‌ركی سه‌را و ده‌نگی ته‌قه‌ش بیستراوه.
چونكه ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت له به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی به‌رده‌وامی به خۆپیشاندان بده‌ن و بمێننه‌وه‌و له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه بڵاوه‌یان پێده‌كرێت و ژماره‌یه‌كی زۆری هێزه‌كان له‌و شوێنه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه.
هاوكات سه‌رۆكی داواكاری گشتی به وه‌كاله‌ت، سكاڵایه‌كی دژی، شاسوار عه‌بدولواحید جووڵاندووه تا رێكاری یاسایی له دژی بگیرێته‌به‌ر، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هانی خه‌ڵكیداوه بۆ خۆپیشاندان و جووڵه‌پێكردنیان و له ئه‌نجامی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌شدا ده‌ره‌نجامی خراپی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌و ژماره‌یه‌ك له باره‌گا و باڵه‌خانه‌ی فه‌رمانگه حكومییه‌كان سوتێنراون و شوێنه گشتییه‌كان شێوێنراون و رێگای گشتی له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه گیراوه و زاراوه‌ی "بڕوخێ"ـی دژی حكومه‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم به‌كارهێنراوه".
به گوێره‌ی هه‌واڵی میدیاكانی شاسوار عه‌بدولواحید كه خۆی وه‌ك سه‌رۆكی "جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ" ده‌ناسینێ، سه‌ره‌ڕای سكاڵا و ده‌نگۆی ده‌ستگیركردنی، بڕیاره ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له رێگه‌ی به‌غداوه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی".
ئه‌مه له كاتێكدایه رۆژی 18/12/2017 له بریتانیاوه قسه‌ی بۆ كه‌ناڵه‌كانی خۆی كرد و داوای خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری و به‌رده‌وامیدان به خۆپیشاندانه‌كه‌ی كرد و به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران په‌لاماری باڵه‌خانه حكومی و حزبییه‌كانیاندا و سووتاندیان.