پێش ئه‌وه‌ی كلاسیكۆ ده‌ست پێبكات ئه‌م رووداوانه‌ له‌بیر مه‌كه‌

زێدان ده‌توانێت له‌ دواساتی كۆتایی 2017 شكست به‌ بارسێلۆنا بهێنێت؟

گەورەترین میهرەجانی وەرزشی و زۆرترین ململانێی دووخاوەن زۆرترین هەوادار لە جیهان، وەرزش و سیاسەت و بازرگانی ئاوێتەی یەکتری دەبن له‌ رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌ گه‌ڕی 17ـی لالیگا لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەفیکەی "خۆزێ ماریا سانچێز" گڕ لە چیمەنی یاریگای یانەی شاهانە بەردەبێت و خرۆش دەکەوێتە سەر پەیژەکان، دووبارە كلاسیكۆ دژیەکبوونی دوو دیکتاتۆرەکەی فوتبۆڵ لیۆنێل مێسی و کریستیانـۆ ڕۆناڵدۆ به‌گژیه‌كترد اده‌دا‌ته‌وه‌، بەریەککەوتنی نوێنەری هەرێمی کەتالۆنیای زوڵم لێکراو لەگەڵ یانەکەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیای لێده‌كه‌وێته‌وه‌، بەر لەم یارییە بلاوگرانا بە 11 خاڵ لەپێش یانە مەدریدیەکە دێت و 24 یاریشە لەسەریەک لەسەرچەم پاڵەوانەتیەکاندا بارسا تووشی شکست نەهاتووە و دەیەوێت بەر لەتەواوبوونی 2017 بەکەمترین زیان جەنگی کلاسیکۆ تێپەڕێنێت،  گرنگە بەر لەم ڕووداوە مێژووییە چەند ئامارێک بخەینە ڕوو .

لە سەرجەم پاڵەوانەتیەکاندا 236 یارییه‌ مێرێنگێ و بلوگرانا ڕووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە ڕیال مەدرید 95 یاری براوەبووە و بارسا 92 یاری بردۆتەوە، لە 49 یاریدا یەکسان بوونە، مێرێنگی 399 گۆڵی تۆمار کردووە و بارسا 384 جار تۆڕی یانەکەی پایتەختی هەژاندووە .

لەلالیگا 174 یاریان ئەنجامداوە، لۆس بلانکۆس 72 یاری بردوەتەوە و بارسێلۆنا 69 یاری براوەبووە، یانەی شایانە 283 گۆڵی لە تۆڕی بلاوگرانا کردووە و یانە کەتەلۆنیەکەش 277 جار تۆڕی هەژاندونەتەوە.

گۆڵکاری مێژوویی ئێلـ کلاسیکۆ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانە کەتەلۆنیەکەیە بە 24 گۆڵ و گەورەترین بردنەوەش بۆ ڕیال مەدریدە بە 11 گۆڵ بەرامبەر 1 گۆڵ .

ژمارەکانی مێسی لەنێو بێرنابیۆ جێگه‌ی خۆشحاڵین بۆ هەوادارانی بلاوگرانا، به‌وپێیه‌ی مێسی له‌ 18 یاریله‌ نێو یاریگه‌ی بێرنابیۆ 14  گۆڵی تۆمارکردووە کە ژمارەیەکی پێوانەییە .

لیۆنێل مێسی لە لالیگا 12 یاری لەو یاریگایە ئەنجامداوە و 10 گۆڵی تۆمار کردووە .

دوایین بردنەوەی ڕیال مەدرید لە نێو یاریگای خۆی لە کلاسیکۆ لە لالیگای وەرزی 2014 ـ 2015 بوو.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید 8 کلاسیکۆی لەسەر خاکی یانەکەی لە لالیگا ئەنجامداوە و تەنها 3 گۆڵی تۆمارکردووە .

ژمارەکانی ئێرنیستۆ ڤاڵڤێردی ڕاهێنەری بارسا جێی سه‌رسام بوونن لەو دەمەی وەکو ڕاهێنەر ڕووبەڕووی زیدان بووەتەوە 5 یاری تووش بەشکست بووە دووجار لەگەڵ بارسا و 3 جار لەگەڵ بلباو.

ژمارەکانی زیدان بەرامبەر بارسێلۆنا جێی دڵخۆشین، لەو دەمەی وەکو ڕاهێنەر 5 یاری ڕووبەرووی یانەکەی کەتەلۆنیا بووەتەوە و تێیدا 3 بردنەوەی هه‌یه‌، وەکو یاریزانیش 11 یاری کلاسیکۆی کردووە و 4 بردنەوە و 4 یه‌كسانبوون و 3 دۆڕانی لە تۆمارەکانیدا نووسراون .

ئاماده‌كردنی: سه‌ردار جه‌بار