دەربارەی: بورما و قەیرانەکانی ئەو دواییەی هەرێمی ڕاخینێ

Kurd24

هەرێمی راخینێ Rakhine State، دەکەوێتە رۆژئاوای بورما و سنووری لەگەڵ باکوری رۆژئاوای بەنگلادیش هەیە. کۆماری یەکێتی بورما، کە بە میانمارس (Myanmar’s) یش بەناوبانگە دانیشتوانی نزیکەی 55 ملیۆن کەسە و لەوانە 3 ملیۆن و 200 هەزار کەس ڕۆهینگین. گەلی ڕۆهینگیا Rohingya  هیند و ئارین و نیوەیان لە بورما لە هەرێمی ڕاخینێ دەژین. 600 هەزار بەنگلادیشی و 350 هەزار پاکستانی و 400 هەزار عەرەبی سعودی لەناویاندا هەن، کە زۆربەیان ئیسلامی سونی و کەمتریشیان هیندوسن. ئەوان بە زمانی رواینگە ruáingga  قسە دەکەن، کە سەر بە هیند و ئارییە.

روهینگییەکان خۆیان بە دانیشتوانی رەسەنی هەرێمی ڕاخینێ دادەنێن.

هەندێک مێژوونووسی بورمی، هاتنی ئەوان بۆ سەرەتای داگیرکردنی بورما لە ئەنجامی کۆمەڵێک شەڕ، کە لە نێوان لەشکری بەریتانی و بورمی لە نێوان ساڵەکانی 1842 – 1886 ڕوویدا دەگێڕنەوە. بورما لەسەردەمی کۆڵۆنیالی بەریتانی تا ساڵی 1948 هەرێمێکی سەر بە وڵاتی هیندوستان بوو. هەندێک سەرچاوەی دیکەی عەرەبی هاتنی ئەو کەمە نەتەوانە بۆ 800 ساڵ بەر لەئێستا دەگێڕنەوە. هەلومەرج بۆ نەتەوە کەمەکانی ڕوهینگیان (Myanmar’s Rohingya minority) لە ئابی ئەمساڵەوە بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە، بەتایبەتیش لەوکاتەی هێزی سەربازی حکومەتی بورما، هەڵمەتێكی وەحشیانە و توندوتیژی دژ بە دانیشتوانی باکور (Rakhine State) دەستپێکرد. ئەم قەیرانەی بورما لە ساڵی 2012 تەقیەوە، 200 کەس کوژرا و 140 هەزار کەسیش دەربەدەربوون، کە زۆربەیان روهینگی بوون. حکومەتی بورما وەک پەناهەندەی نایاسایی بەنگڵادیشی مامەڵە لەگەڵ روهینگییەکان دەکا.

پاش سەربەخۆبوونی بورما و شەڕی سەربەخۆیی بەنگلادیش لە ساڵی 1971 حکومەتی  بورما جنسیەی لە ڕوهینگییەکان سەندەوە. لەم ڕاپۆرتەی ئەمنستی، کە لە 21ی نۆڤێمبەر بڵاوکرایەوە نووسرایە، چۆن نەتەوەکەمەکان، بە شێوەیەکی سیستێماتیکی ماف و ئازادییان سنووردار دەکرێ و لەم ساڵانەی دواییش چەوسانەوەیان چڕتربووە.

Anna Neistat نووسەری دوا ڕاپۆرتی ئەمنستی لە لێدوانێکی بۆ کەنالی تەلەفزیۆنی سویدی گوتی، کە ئەمنستی بۆ ماوەی دوو ساڵ کاری لەسەر نووسینی راپۆرتی ناوبراو کردووە و بە بەڵگە سەلماندوویەتی، چۆن ئۆرگانەکانی ئەمنی بورما، ژن و منداڵی گەلی ڕوهینگێی لە پیاوەکان جیاکردۆتەوە و هەر یەکە و لە شوێنی جیا دایناون. حکومەتی بورمی، بەو شێوە ڕۆژانە دەیانچەوسێنێتەوە، کە ئەمەش دەکاتە پەیڕەوکردنی سیستێمی ئەپارتاید دژ بە دانیشتوانی ڕوهینگێ... ئەوان لە ئۆردوگایەک، کە زیاتر لە بەندیخانە دەکا دەژین. بۆئەوەی بجوڵێن و لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە بچن، دەبی پسولە و ڕەزامەندی تایبەتی پۆلیسیان هەبی. ئەوانەی فەرمان و ڕێنماییەکانیش پەیڕەو نەکەن، بە توندترین شێوە سزادەدرێن و هەندێکجار ڕەمیش کراون. بۆئەوەی سەردانی دکتۆر یان نەخۆشخانە بکەن، دەبی لەلایەن پۆلیسەوە نامەی تایبەت وەربگرن، یانیش سەردانی بەنگلادیش بکەن. زۆربەی پەناهەندەکان نامەکانیان پێنادرێ و ئیمکانیاتیشیان نییە سەردانی بەنگلادیش بکەن، بۆیە بەهێواشی و لەسەرجێ، چاوەڕیی مردن دەکەن و ناتوانن خۆیان چارەسەر بکەن. جۆرێکی دیکەی چەوسانەوە ئەوەیە، کە جنسییەی بورمەیان پێنادەن. لەم ساڵانەی دوایی، منداڵی تازەلەدایکبوو، ناوی نانووسرێ، بەمجۆرە لەهەموو مافێکی ئاسایی مرۆڤی بێبەش دەکرێن. 

ئەمنستی ئینتەرناشیونال، جار دوای جار لە راپۆرتەکانی خۆی، ڕەخنەی زۆر توندی لە حکومەتی بورما گرتووە و لە دوا ڕاپۆتیشی، کە لە 21ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، رژێمی بورمەی بە ئەپارتاید ناوبرد. Apartheid  وشەیەکی ئینگلیزی تێکەڵاوە و دەکاتە جیاکردنەوە – بەجیاژیان، سیستێمێکی حوکمڕانی ڕەگەزپەرستییە و لە باشوری ئەفریقا لەنێوان 1948 – 1994 پەیڕەودەکرا.

قەیرانی بورما لە 25ی ئابی ئەمساڵ توندتر بوو، لەوکاتەی گروپی پارتیزانی: (لەشکری ڕزگاری ئەرکان ڕۆهینگیاس) The Arakan Rohingya Salvation Army و بە هێزێكی سەد کەسی هێڕشیان بۆ سەر 25 رەبیەی بورمی و پۆلیسی سنوور کرد. بەگوێرەی راپۆرتەکان دەیان کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانی بورما کوشت. ئەم گروپە لەلایەن (عطالله أبو عمار جنوني) سەرپەرشتی دەکرێ. عطاللە لە پاکستان لەدایکبووە و لە عەرەبی سعودی گەورەبووە. ئەو لەم خەباتەی دەیەوێ، حکومەتێکی سەربەخۆ بۆ ئیسلامە سونییەکان لە ڕۆهینگیا دروست بکا. هەرزوو هێزە ئەمنی و حکومەتی بورما، ئەم رێکخراوەیان خستە لیستی ئیرهاب و دواتر هێڕشیان کردە سەر هەر هەموو ڕوهینگیاکان. بەگوێرەی بەرنامەی دەنگوباسی کەنالی  SVT سویدی لە 17ی ئۆکتۆبەر ژمارەی ئاوارەکانی بورما گەیشتۆتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس، کە لە ئۆردوگای Cox´s Bazar لە بەنگلادیش دەژین. بەگوێرەی ڕاپۆرتی UN لەو ماوەیە هەزار کەسیان کوشتوو و سەدان هەزاریش دەربەدەر کرایە.

ئەونگ سان سوو کیی Aung San Suu Kyi، لە 6ی نیسانی 2016 پۆستی (State Counsellor - موستەشاری حکومەت)، کە شێوەی سەرۆک وەزیرانە وەرگرتووە. سیاسەتمەدارێکی گەورەی بورمایە و لە 20ی تەموزی 1989 تا 13ی نۆڤێمبەری 2010, بەیەکەوە 15 ساڵ لەماڵی خۆی دەستبەسەربووە. ئەو ژنە وەک بە بەناوبانگترین دەستبەسەری سیاسی لەجیهان ناوی دەرکردووە. لە ساڵی 1990 خەڵاتی نۆبلی (ئاشتی) و هەورەها کۆمەڵێک خەڵاتی دیکەی زۆر گەورەی جیهانی وەرگرتووە. ئەو سەرۆکی: (پارتی دیموکراتی نیشتمانی) بورمایە. ماوەیەک پلەی وەزیر و دواتریش وەک لەسەرەوەی ئاماژەی پێکرا، دەستەڵاتێكی گەورەی لە شیوەی سەرۆک حکومەت پێدراوە. ئەونگ سان، لەهەموو کاتەکان بێدەنگی هەڵبژاردووە. هەندێک لەوبڕوایەدان، هیچ لەدەست ئەو نییە و جەنەرالەکان وڵات بەڕێوە دەبەن.

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ساڵی 2004وە لە بورما هەیە. لەو 22 ساڵە تەنیا لە هەرێمی ڕاخینێ یارمەتی یەک ملیۆن و 240 هەزار نەخۆشی داوە. هەر لەو هەرێمە، ئێستا زیاد لە 30 هەزار هەڵگری hiv-aids  هەیە و 3 هەزار کەسیش نەخۆشی سیلی هەیە، لەگەڵ ئەوەش، بە فەرمانێكی حکومی، پزیشکانی بێسنوور داوایان لێکرایە کارەکانیان ڕابگرن و لەوڵات بچنەدەر.

لە کۆماری یەکێتی بورما ئایینەکانی: هیندۆس، کریستیان، ئیسلام، ئەنیمیست و بودیست دەژین، هەروەها 135 گروپی ئێتنی جیا هەن و بەیەکەوە دەژین. کۆنفلیکتی نێوان ئیسلام و بودیستەکان لە بورما دەمێکە هەیە. هێزەکانی ئەمنی و ناوەخۆ، لە هەموو شەڕەکانی نێوان ئیسلام و بودیستەکان، بە ئاشکرا پشتگیری بودیستەکانیان کردووە.

25 هەموو ئۆپیۆمی جیهان لە ساڵی 2012 لە بورما بەرهەم هێندراوە، کە دەکاتە دووەم وڵات لە لەدوای ئەفغانستان.