په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان ئاشتده‌بنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ده‌ڵێت: "بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پەرلەمانی كوردستان شاندێك ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كات".
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌مه 24/12/2017 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، سكرتیری په‌رله‌مانی كوردستان گوتوویه‌تی: "ئه‌و شانده‌ی پەرلەمانی كوردستان كه ده‌چێته به‌غدا، ئه‌ندامه‌كانی له چه‌ند لیژنه‌یه‌كی پەرلەمان پێكهاتوون"، به‌ڵام ناوی په‌رله‌مانتاره‌كان و لیژنه‌كانیانی ئاشكرا نه‌كردووه.
ده‌رباره‌ی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌و شانده په‌رله‌مانییه بۆ به‌غدا، بێگه‌رد تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: "ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانی شانده‌كه بۆ رەخساندنی زەمینەی له‌باره بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونەوەی نێوان به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوانیاندا هه‌یه هێشتا كۆبوونه‌وه‌یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌كردووه".
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌یوه‌ندی له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه تا شاندەكە بچێت و دەست بەگفتوگۆ بكەن.
سه‌ردانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئه‌و شانده په‌رله‌مانییه‌ی هه‌رێمی كوردستان له كاتێكدایه، به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له 25/9/2017، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق چه‌ندین بڕیاری دژی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ركرد و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیشی ده‌ستكراوه كرد، تا ئه‌گه‌ر به رێگای هێزیش بێت، ده‌سه‌ڵاتی "ئیتیحادی" بگه‌ڕێنێته‌وه ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه له ریفراندۆمه‌كه‌دا كوردستانیبوونی خۆیان ساغكردبووه‌وه.
هه‌روه‌ها تا ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه هه‌وڵێكی جددی بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ و سزاكانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌دراوه، كه به‌شێكی زۆریان به‌هۆی بریاره‌كانی ئه‌وانه‌وه سه‌پێنراوه.