شاجوان نیگه‌رانه له به‌رپرسان
K24 - هه‌ولێر:
ساره عیدان، شاجوانی عێراق، له‌باره‌ی كاردانه‌وه‌ی وێنه‌گرتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شاجوانی ئیسرائیلی به‌ناوی "ئادار گندلسمان" كه توڕه‌یی شه‌قامی عێراقی و عه‌ره‌بی لێكه‌وته‌وه، بۆ كه‌ناڵی CNNـی ئه‌مریكی قسه‌ی كردووه‌و ده‌ڵێت: "خۆم و خێزانه‌كه‌م رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر بووینه‌وه‌و ناچاركراین عێراق جیبهێڵین و رابكه‌ین و به‌رپرسانی عێراقیش بێ هه‌ڵوێست بوون".
شاجوان به كه‌ناڵه ئه‌مریكییه‌كه‌ی گوتووه: "له ده‌نگی ته‌له‌فۆنی به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی رێكخستنی پێشبركێی شاجوانی عێراق و خێزانه‌كه‌م له خه‌و راده‌چڵه‌كیم، له رێگه‌ی ئینته‌رنێتیشه‌وه كه‌سانێكی "به‌ره‌ڵا" هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرم".
ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، هه‌ر چه‌نده له عێراق هه‌وڵێك هه‌بوو تا قایلم بكه‌ن له‌و وێنه سێڵفییه و ئه‌و په‌یامه‌ی له پشتیه‌وه هه‌بوو پاشگه‌زم بكه‌نه‌وه، به‌ڵام من سووربووم له‌سه‌ر بۆچوونی خۆم و سه‌ره‌نجام خۆم و خێزانه‌كه‌م باجی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ماندا كه په‌یامێكی مرۆیی بووه‌و هیچ كاتێكیش په‌شیمان نیم له‌وه‌ی كردوومه".
به‌گوێره‌ی قسه‌كانی ساره "به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی رێكخستنی پێشبركێی شاجوانی عێراق، هه‌وڵی زۆریداوه تا وێنه‌كه بسڕمه‌وه، به‌ڵام داوای لیبوردنم لێ‌كرد و نه‌مده‌توانی بیسڕمه‌وه، چونكه به فراوانی له تۆڕی ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوببووه‌وه".
ساره به‌رامبه‌ر به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراقی تووشی نائومێدی بووه، چونكه هیچ به‌رپرسێكی عێراقی یان كه‌سایه‌تییه‌كی ناوداری عێراقی، په‌یوه‌ندی پێوه نه‌كردووه‌و هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه نه‌بووهو سه‌رنه‌جام له‌گه‌ڵ خێزانه‌كی عێراقیان به‌ره‌و ئه‌مریكا جێهێشتووه".
ئادار گندلسمانی ئیسرائیلیش به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی به هاوڕێ عێراقییه‌كه‌یه‌وه هه‌یه و گوتوویه‌تی: "پێكه‌وه ئه‌و وێنه‌یه‌مان گرت، تا به خه‌ڵكی بڵێین، ده‌توانین پێكه‌وه بژین".