یانه‌ی ساوسامپتن چاره‌نووسی ناسناوێكی گه‌وره‌ی مێسی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه
هاری كه‌ین هێرشبه‌ری نێوده‌وڵه‌تی ئینگلیزی و یانه‌ی تۆتێنهام به ته‌واوه‌تی نزیكه پێشه‌نگی گۆڵكارانی ساڵی2017 له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌كۆی گۆڵه‌كانی له‌گه‌ڵ یانه و هه‌ڵبژارده‌كه‌ی وه‌ربگرێت.
كه‌ین باڵابه‌رزه‌كه‌ی تۆتێنهام شه‌ممه‌ی رابردوو له گه‌ڕی نۆزده‌ی پرێمه‌رلیگ زه‌نگێكی مه‌ترسیداری بۆ ركابه‌ره‌كانی لێدا و به‌و هاتریكه‌ی به‌رامبه‌ر بێرنلی كردی باڵانسی گۆڵه‌كانی له‌مساڵ بۆ53 گۆڵ به‌رزكرده‌وه.
ژماره‌ی گۆڵه‌كانی هاری گه‌وره‌ترین هه‌ره‌شه‌یه بۆ سه‌ر مێسی كه ئه‌و یاریزانه‌ی بلاوگرانا شه‌ممه‌ی رابردوو له كلاسیكۆ به هه‌ژاندنی تۆڕی ریال مه‌درید ژماره‌ی گۆڵه‌كانی بۆ 54 گۆڵ به‌رزكرده‌وه كه دوایین گۆڵ بوو له 2017.
هه‌رچه‌نده مێسی توانی ژماره‌ی رۆناڵدۆ و كاڤانی و لیڤاندۆڤسكی تێپه‌ڕێنێت كه هه‌ریه‌كه‌یان 53 گۆڵیان كردووه و هیچ یارییه‌كیان له2017 نه‌ماوه بیكه‌ن، كه‌چی به‌ربه‌ستی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌ستێره ئارجێنتینیه‌كه هاری كه‌ینه و ئه‌و یاریزانه به هاتریكێك به‌رامبه‌ر بێرنلی هه‌ر زوو وه‌ڵامی مێسی دایه‌وه و ئێستا به جیاوازی گۆڵێك له دوای مێسی ده‌بینرێت.
هاری كه‌ین سبه‌ی سێشه‌ممه دوایین یاری خۆی له2017 ئه‌نجام ده‌دات كاتێك له پرێمه‌رلیگ رووبه‌ڕووی ساوسهامتن ده‌بنه‌وه، ئه‌م یارییه‌ش چاره‌نووسی مێسی له بوون به گۆڵكاری ساڵ دیار ده‌كات، نوشستهێنانی كه‌ین له تۆماركردنی گۆڵ، ئه‌وا مێسی به نازناوی گۆڵكاری ساڵه‌وه جه‌ژنه‌كانی كریسمس به‌ڕێ ده‌كات.
له‌به‌رامبه‌ردا له ئه‌گه‌ری تۆماركردنی دووانه‌یه‌ك له‌لایه‌ن كه‌ینه‌وه ئه‌و یاریزانه به‌فه‌رمی پێشه‌نگی گۆڵكارانی ساڵ ده‌گرێت و ده‌سكه‌وتێكی مێژوویی له‌سه‌ر ئه‌ستۆی مێسی ده‌خاته گه‌نجینه‌كه‌ی.
ركابه‌رییه‌كه‌ی مێسی و كه‌ین له كاتێكدایه هه‌رسێ یاریزان رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئه‌دینسۆن كاڤانی ئۆرۆگوایی و رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی پۆڵه‌ندی ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌ی 53 گۆڵیان كردووه و هیچ هیوایه‌كیان بۆ بوون به گۆڵكاری ساڵ نه‌ماوه.