50 رۆژی چارەنووسساز چاوەڕێی زیدان دەکات

زیدان و پێرێز لەبارەی دۆخی ئێستای ریال مەدرید کۆبوونەوە

زیدان 50 رۆژی لە بەردەمە بۆ ئەوەی لەم وەرزە لە وەرزێكی ڕەش و خراپ دووربکەوێتەوە.

رۆژنامەی مارکا ئیسپانیا له‌ چاپی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26 دێسێمبه‌ری 2017 ئاشکرایکردووە، زینەدین زیدان و فلۆرێنتینۆ پێرێز کۆبوونەتەوە و دوای دۆڕانی ریال مەدرید لە کلاسیکۆ، هەست دەکەن نازناوی ئەم وەرزەی لالیگایان لەدەست داوە و ئەستەمە بتوانن بە پێش بارسێلۆنا بکەونەوە، کە ریال مەدرید بە 31 خاڵ لە پلەی چوارەم دێت و 14 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگەوە دوورە.

رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، زیدان 50 رۆژی لە بەردەمە بۆ ئەوەی تیپەکەی بۆ قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاریس سانجێرمان ئامادە بکات، چونکە ئێستا ریال بیر لە پارێزگاریکردن لە نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکاتەوە.

زیدان لیستێکی داوەتە پێرێز بۆ ئەوەی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە بۆی بکڕێت و سەرۆکی یانەی ریال مەدریدیش بڕیاری داوە کیپای گۆڵپارێزی بلباو و بەرگریکارێک و هێرشبەرێک بۆ زیدان بکڕێت، لە کاتێکدا زیزۆ رەتیکردووەتەوە پێویستی بە هێرشبەر هەبێت و پێداگیری لەسەر پشتبەستن بە بێنزێما دەکاتەوە.

زیزۆ داوای کڕینی بەرگریکارێکی بە ئەزموونی کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ رامۆس کەموکوڕییەکانی بەرگری چارەسەر بکەن.