ئەمریكا لە سووریا دەمێنێتەوە

"دەبێ هەماهەنگی لەگەڵ کورد و عەرەب بەهێزتر بکەين"

K24 - واشنتن

نيکۆڵاس هێريس، لێكۆڵەر و شارەزا لە دامەزراوەی نوێی ئەمریكا لە واشنتن مانەوەی ھێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا دووپاتدەكاتەوە و دەڵێ تا بەتەواوی كێشەكانی سووریا یەكلایی دەبنەوە ھێزەكانی ئەمریكا دەمێننەوە. تەنانەت دوای نەمانی چەكدارانی داعشیش. 

سەرەڕای ململانێی نێوان رووسيا و ئەمريکا لە گۆڕەپانی رووداوەکان لە سووريادا، پسپۆر و شرۆڤەکارانی سياسەت لە واشنتۆن زۆربەيان لەسەر ئەوە کۆکن، لە کۆتاييدا هەردوو وڵاتی زلهێز تا ماوەيەکی ناديار هێزی سەربازی و بنکە و پێگەيان وەك خۆی دەمێنێ لە خاکی سووريادا.

لينکن بڵومفيڵد، ديپلۆماتکاری باڵای پێشوو لە وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمريکا ، پێی وايە ئەمريکا سەرەڕای هەموو رەخنە و دژايەتيەکان لە مانەوەی هێزەکانی لە خاکی سووريادا  دەمێنێتەوە و بەردەواميش دەبێت لە سياسەتی خۆی.

لينکن بڵومفيلد، بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ هێزەکانمان لە شوێنی خۆيان بمێننەوە تا چارەسەری رەوشی حوکمڕانی و مافی هاووڵاتيانی سووريا يەکلا دەبێتەوە، ئێمە دەبێ لەم سیاسەتە بەردەوام بين تا کێشە ئاڵۆزەکانی وەك لادانی بەشار ئەسەد و نەهێشتنی ڕۆڵ و ئەجينداکانی رووسيا و ئێران و لە ناوبردنی داعش چارەسەر دەبێ، دواتر کورديش لە سووريا رەنگە بتوانن بە ئامنجەکانی خۆيان بگەن لە وڵاتێکی ديموکراسی، ئێمە هيوامان وايە  کورد لە باشووريش بە ئامانجەکانی خۆی بگات".

لەبارەی رۆڵ و پێگەی ئەمریكا لە سووریا نيکۆڵاس هێريس، لێكۆڵەر و شارەزا لە دامەزراوەی نوێی ئەمریكا لە واشنتن بە كوردستان24 گوت: "رۆڵی ئەمريکا و هێزەکانمان لە سووريا دەبێ وەک خۆی بمێنێتەوە و هەماهەنگی لەگەڵ لايەنە ناوخۆکانی سووريا وەك کورد و عەرەب، بەهێزتر بکەين تا وەدەستهێنانی سيستەمێکی دادپەروەرانە و حکومەتێك نوێنەرايەتی پێکهاتەکانی سووريا بکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیكە دووچاری رژێمێکی وەك ئەسەد و زۆڵمێکی وەك هی داعش نەبنەوە".

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0252145b-5608-438b-bd2f-64bc212bcee9/122717TFD.ism/manifest