حكومەت و كۆمسیۆن لەسەر دیاركردنی رۆژی ھەڵبژاردن رێككەوتن

تەنھا یەكێتی ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان، لەسەر ئەوە رێككەوتوون لە 15 رۆژی سەرەتایی مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، جگە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ھەموو لایەنەكان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن ئامادەییان دەربڕیووە.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە رێككەوتوون، لە نێوان 1 تا 15 نیسانی 2018، رۆژێك بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی كوردستان دیاربكرێت".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان: "جگە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان،ھەموو لایەنەكانی دیكە ئامادەیی خۆیان بۆ ھەڵبژاردن دەربڕیووە، یەكێتی رایگەیاندووە تا كۆنگرە نەبەستین بڕیار لە بەشداریكردنی ھەڵبژاردن نادەین كە بڕیارە لە 7/3/2018 كۆنگرە ببەستێت، ئەمەش لەمپەر لەبەردەم حكومەت دروست دەكات بۆ دیاركردنی رۆژی ھەڵبژاردن".

پەیامنێرمان گوتیشی: "كۆمسیۆن داوای 32 تا 35 ملیۆن دۆلاری لە حكومەت كردووە، بۆ ئەوەی وەك بودجە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پێی بدرێت".