خه‌ڵكى په‌لكانه: دواى هاتنى شانده‌كه‌ى يه‌كێتى ره‌وشى په‌لكانه ئاڵۆزتر بووه
K24 – هه‌ولێر:
به گوێره‌ى ئه‌و زانيارييانه‌ى ده‌ست كوردستان24 كه‌وتوون، هاووڵاتيانى دانيشتووى گوندى په‌لكانه ره‌تيانكردوه‌ته‌وه، پێشوازى له شاندێكى په‌رله‌مانتارانى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان بكه‌ن و به‌شێكيش له‌و هاووڵاتيانه رايده‌گه‌يه‌نن، دواى سه‌ردانى شانده‌كه ره‌وشى گونده‌كه‌يان ئاڵۆزتر بووه.
ئه‌مڕۆ شاندێكى په‌رله‌مانتارانى يه‌كێتى له به‌غدا سه‌ردانى گوندى په‌لكانه‌يان كرد.
شاندەكەی یەكێتی پێكھاتبوو لە شوان داودی، ئاڵا تالەبانی، رێبوار تەھا، محەممد دووشیوانی ئه‌ندامانى فراكسيۆنى يه‌كێتى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.
ئه‌و شانده دەیانوویست بچنە گوندی پەلكانە كە رۆژانە لە لایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی ھەڕەشەیان لێدەكرێت و داوایان لێدەكرێت گوندەكانیان جێبھێڵن.
به گوێره‌ى لێدوانى ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى دانيشتووى ئه‌و گونده بۆ كوردستان24، دواى سه‌ردانى شانده‌كه‌ى يه‌كێتى، كێشه‌كانيان ئاڵۆزتر بوونه.
يه‌كێك له شاهێدحاڵه‌كانى سه‌ردانى شانده‌كه‌ى يه‌كێتى بۆ گوندى په‌لكانه به كوردستان24ى راگه‌ياند، خه‌ڵكى گونده‌كه‌يان پێشوازيان له‌و په‌رله‌مانتارانه نه‌كردووه، چونكه ئه‌و چوار پەرلەمانتارە رۆڵی سەرەكیان ھەبووە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پشتگیریان كردووە لە ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك.
گوندى په‌لكانه كه‌وتووه‌ته سنوورى شارۆچكه‌ى دووبزه و 20 كيلۆمه‌تر له شارۆچكه‌كه‌وه دووره.
دواى خيانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر له سنووری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی قه‌زای دوبزی پارێزگای كه‌ركووك، به سه‌رپه‌رشتی پۆلیسی فیدرالی عێراق، پرۆسه‌ی دووباره ته‌عریب كردنه‌وه، ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه و دانیشتووانی چه‌ند گوندێك هه‌ڕه‌شه‌یان لێكراوه بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌كانییان جێبهێڵن.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، رۆژى 27ى ئه‌م مانگه، عه‌ره‌بی "به‌دو" كه پێشتر له پرۆسه‌ی ته‌عریبكردنی ناوچه‌كه هێنراونه‌ته ئه‌و شوێنه و له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی ناوچه‌كانی "به‌عاج و حه‌زه‌ر" و سنووره‌كانی سووریا‌ن، جارێكی دیكه هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماڵه كورده‌كانییان داوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی شایه‌تحاڵێكیش، كه تا ئێستاش ماڵی باوكی له گوندی په‌ڵكانه‌یه، پرۆسه‌كه به سه‌رپه‌رشتی عه‌قید عه‌لی، له فه‌وجی سێی لیوای 11ی پۆلیسی فیدرالی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كیش كه ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، به‌ڵێننامه‌یه‌ك به هاووڵاتییانی كورد پڕده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی سێ رۆژدا ماڵه‌كانییان جێبهێڵن، ئه‌و خانووانه‌شی كه له دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه چۆڵ بوونه و دانیشتووانه‌كه‌ی ئاواره‌بوونه، راسته‌وخۆ عه‌ره‌به هاورده‌كان، له‌ناویدا نیشته‌جێ ده‌بن.
دیار به‌كر عه‌زیز، كوڕی موختاری گوندی په‌ڵكانه، بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، عه‌ره‌به هاورده‌كان، به یاوه‌ری پۆلیسی فیدرالی عێراق، ده‌چنه سه‌ر ماڵه كورده‌كان و ئاگاداری‌یان ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌بێت له ماوه‌ی 3 رۆژدا ماڵه‌كانییان چۆڵ بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه خۆیان به‌رپرسیار ده‌بن.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش، ئه‌و عه‌ره‌به هاورده‌كراوانه، له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدرالی، باس له‌وه ده‌كه‌ن، نووسراوی فه‌رمی پارێزگای كه‌ركووكیان پێیه بۆ ئه‌و كاره، به‌ڵام تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و نووسراوه‌یان نیشان نه‌داوه و یه‌كلایه‌نه و به سه‌رپه‌رشتی پۆلیسی فیدرالی ئه‌و كاره ده‌كه‌ن.
له هه‌ڵمه‌ته‌كانی ته‌عریبكردنی كوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، حكوومه‌تی به‌عس له ژێر ناوی هه‌ڵمه‌تی ته‌عریبدا، ته‌واوی زه‌وییه‌كانی ئه‌و ناوچانه كرده موڵكی حكوومه‌تی عێراق و له ژێر ناوی نوێ و به گرێبه‌ستی نوێ، به عه‌ره‌به هاورده‌كانی به‌خشیوه، دوای پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراقیش، خاوه‌ن موڵكه كورده‌كان، گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر ماڵه‌كانییان له‌و ناوچانه، عه‌ره‌به هاورده‌كان ناوچه‌كانییان جێهێشت.
ئ.ر