له‌ دوو رۆژدا 150 پاسی گه‌شتیاری روویان لە كوردستان كردووە

"ھەوڵدەدەین گرژییەكان بڕەوێننەوە و گەشتیار ترسی نەبێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

نادر روستی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كورستان له‌ میانه‌ی به‌شداری كردنی له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاند: "ته‌نها له‌ ماوەی دوو رۆژدا 150 پاسی گه‌شتیاری بۆ جه‌ژنی سه‌ری ساڵ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی گه‌شتیارانیش خه‌ڵكی ناوچه‌كانی خوارووی عێراقن".

گوتیشی: "زۆرێك له‌ گه‌شتیاره‌ بیانییە‌‌كان له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌غدا و نه‌جه‌فه‌وه‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن".

ناردر روستی، ئاماژەی بەوەدا: "ئەوەی بەلای ئێمە گرنگە چۆن بتوانین زۆرترین گەشتیار بێنینە ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵیش ئامادەكاریمان كردووە، بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت و ھاووڵاتیان و حكومەتیش لێی سودمەند بێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "لەگەڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكانی عێراق زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان كردووە، بۆ ئەوەی ئەو گرژییەی كە لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە بڕەوێتەوە و گەشتیار ترسی نەبێ لە ھاتنی بۆ ھەر ناوچەیەكی كوردستان، دەمانەوێت ئەو دۆخە زیاتر كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتیاری نەكات".

پێداچوونەوە: ھ.م