بەرەی خۆپێشاندانەكانی ئێران فراوانتر دەبێت

كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لە خۆپیشاندانەكانی ئێرانە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a3c992e9-acce-4307-aa48-e328da995b45/123117WBP.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لە خۆپێشاندانی شارەکانی ئێران وێنەکانی خامەنەیی لە چەندین شار لێكرایەوە و سوتێندران، هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش بە توندی رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە، لەم نیوەندەدا کوژرا و برینداری زۆر هەن و بەرەی خۆپیشاندانەكانیش تادێت فراوانتر دەبێت.

پێچەوانەی زۆرێك لە پێشبینیەکان ئەو ناڕەزایەتییانەی بەر لە چەند رۆژێك لە مەشھەد و قوم، بەهۆی گرانی نرخ و خراپی گوزەرانی خەڵکەوە دەستیپێکرد، لەوێوە گەیشتە هەموو شارەکانی ئێران و لە داواکاری خزمەتگوزارییەوە خۆپێشاندەران دەستیان بە گوتنەوەی درووشم دژ بە سیستمی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی ئێران كرد.

لە ساڵی 2009 بە هەمان شێوە دانیشتوانی ئێران، هاتنە سەر شەقام ئەوکات ناڕەزاییەکان دژ بە ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن بوون، ئەمریکاش کە ئەوکات لەلایەن باراك ئۆباماوە سەرۆکایەتی دەکرا بێدەنگی هەڵبژارد، تەنانەت هیلاری کلینتن، وەزیری دەرەوە ئەوكاتی ئەمریكا، هۆکاری بێدەنگییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە رێبەرانی خۆپێشاندانەکان داوای پاڵپشتیان لە ئەمریکا نەکردووە، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ یەکەمین گڕەی خۆپێشاندانەکان ئەمریکا لە بەرزترین ئاستدا پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکان کرد، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە تویتەردا نووسیویەتی: "زانیاریمان پێگەیشتووە لە سەر ناڕەزایی دەربڕینی ئاشتییانەی هاووڵاتییانی ئێران کە لە گەندەڵی و خەرجکردنی سەروەتی وڵاتەکەیان بۆ تیرۆر لە دەرەوەی وڵات لەلایەن رژێمەوە، بێزار بوون. دەبێ ئیدارەی ئێران لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندا رێز لە مافەکانی هاووڵاتییانی بگرێت".

لەلایەكی دیكە هێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو: "نزیکەوە چاودێری خۆپێشاندانەکان دەکەین دژی ئیدارەی ئێران و ئیدانەی دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئێران دەكەین لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا".

پێداچوونەوە: ھ.م