خۆپیشاندانه‌كانی ئێران ده‌بنه راپه‌ڕین
K24 - هه‌ولێر:
رۆژ به‌رۆژ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران فراوان ده‌بن و ورده ورده‌ش خه‌سڵه‌تی راپه‌ڕینیان تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانیش له رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، له شاری مه‌شهه‌د و دواتریش قوم ده‌ستییان پێكرد و له كاتێكی كه‌میشدا، گه‌یشته دڵی تارانی پایته‌خت.
له سه‌ره‌تاشدا هوتافی خۆپیشانده‌ران ته‌نها درووشمی نه‌هێشتنی برسێتی و بێكاری بوو، به‌ڵام ورده ورده هوتافه‌كان به رووی ئێران و نیزامه‌كه‌یدا، توندتر ده‌بن، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران بڵێن "مه‌رگ بۆ خامه‌نه‌یی، مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر" و وێنه‌ی خامه‌نه‌یی و تا ئاڵای ئێرانیش له ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كان بسووتێنن.
بڕیاریشه ئه‌مڕۆ، خۆپیشاندان له 70 شار و شارۆچكه‌ی جیاوازی ئێران ئه‌نجام بدرێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیش، به‌رده‌وامن له سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران و هه‌ڕه‌شه‌ی گرتن و سزادانییان لێده‌كه‌ن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ئێستا كه‌ناڵێكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیكردنی تێلیگرامییان داخستووه به ناوی "ئامه‌د نیوز"، كه سه‌رپه‌رشتی رێكخستنی واده‌ی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانه‌كانی ده‌كرد.
خشته‌ی خۆپیشاندانه‌كان
به گوێره‌ی راپۆرتی "العربیة" سه‌ره‌تا خۆپیشاندان ته‌نها له 3 شار بوو، كه له دژی به‌زربوونه‌وه‌ی نرخ، گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی پشتگوێخستن و چه‌وساندنه‌وه‌ی هه‌ژاران بوو، به‌ڵام دوای سێ رۆژ خۆپیشاندان له 30 شار و شارۆچكه‌ی جیاواز ئه‌نجامدران.
دیارترین ئه‌و شوێنانه‌ی خۆپیشاندان تێیدا ئه‌نجامدراون، كرماشان، شه‌هر كورد، به‌نده‌ر عه‌باس، ئیزه، ئاراك، زه‌نجان، ئه‌بهه‌ر، دۆرود، خوره‌م ئاباد، ئه‌هواز، كه‌ره‌ج، ته‌نكابون بوون.
له هه‌ندێك شوێنیش پێكدادان له نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان روویانداوه و له شاری دۆرودی لووڕستانیش 2 كه‌س كوژران و ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه‌ش به گووللـه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان بریندار بوون.
په‌ره‌سه‌ندنی خۆپیشاندانه‌كان
پێشبینی ده‌كرێت خۆپیشاندانه‌كان په‌ره‌ی زیاتر بسه‌نن، هه‌م له رووی ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران، هه‌میش له رووی شوێنه‌كان، خه‌سڵه‌تی خۆپیشاندانه‌كانیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و زیاتر له راپه‌ڕین ده‌چن، به‌تایبه‌تیش كه ئێستا خۆپیشانده‌ران هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر باره‌گای ده‌زگا ئه‌منی و حكوومییه‌كان.
به گوێره‌ی میدیا ئێرانییه‌كانیش، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی لێژنه‌ی ئه‌منی تاران بۆ ئه‌وه‌یه رێگری له ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان بكه‌ن له دڵی ئێران.
موحسین هه‌مه‌دانی، یاریده‌ده‌ری كاروباری ئه‌منی تاران، رایگه‌یاند، خۆپیشاندانه‌كانی "شه‌قامی ئینقلاب" تاكو "گۆڕه‌پانی ئینقیلاب" و یه‌كتربڕی "وه‌لی عه‌سر"ی ناوه‌ڕاستی تاران، به نایاسایی داده‌نرێت و هێزه ئه‌منییه‌كان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه ده‌ده‌ن.
ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیمی ئێران، كه سه‌ر به سوپای پاسدارانه بڵاویكردووه‌ته‌وه، خۆپیشاندانه‌كان بۆ داواكردنی گوزه‌ران و ئابوورییه‌كی باشتره، به‌ڵام ئه‌و درووشمانه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌رزیان ده‌كه‌نه‌وه، هیچیان ئابووری نین.
هوتافی قوتابییه خۆپیشانده‌ره‌كان
ئاژانسی هه‌واڵی ئیسنای حكوومه‌تی ئێران بڵاویكردووه‌ته‌وه، قوتابییانی زانكۆی تاران، درووشمیان له دژی سیاسه‌تمه‌داران و به‌رپرسانی وڵات به‌رز كردووه‌ته‌وه، دیارترینی ئه‌و درووشمانه‌ش "یاری ریفۆرمخواز و ئوسوڵگه‌راكان كۆتایی هات، مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر"ن.
به گوێره‌ی ئاژانسه‌كه، خۆپیشانده‌ران له چه‌ند شوێنێكی ده‌وروبه‌ری زانكۆی تاران، شه‌قامه‌كانییان داخستووه و ئاگریان له چه‌ند شوێنێكیش كردووه‌ته‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی داوه، به‌ڵام به به‌رد وه‌ڵامی پۆلیسیان داوه‌ته‌وه و له ته‌واوی درووشمه‌كانیشدا، رێبه‌ری ئێرانی‌یان كردووه‌ته ئامانج.
له ئێستاشدا خۆپیشاندانه‌كان له دژی نیزامی ئێران و عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ره‌كه‌ی، له تارانی پایته‌خت به‌رده‌وامه و خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن: "ئه‌و ئاپۆرایه‌ی خه‌ڵك له دژی رێبه‌ر هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قام".
تا ئێستاش له خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، به گوێره‌ی ئاماری فه‌رمی، كه حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاندووه، 5 كه‌س كوژراون و ژماره‌یه‌ك برینداریش هه‌ن.
سه‌رچاوه: العربیة
ا. م