لە ھەولێر نزیكەی پێنج ھەزار تاوانبار دەستگیركراون
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر ئاماری رووداوەكانی ساڵی 2017 راگەیاند، بە گوێرەی ئامارەكە لە ماوەی ساڵێكدا لە سنووری ھەولێر 4 ھەزار و 739 تاوانبار بەھۆی تاوانی جۆراوجۆر دەستگیركراون و لە كۆی ئەو ژمارەیەشدا چوار ھەزار و 323 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و 416 تاوانبار پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ماوەی ساڵێكدا299 تاوانبار بەھۆی تاوانی کوشتن و هەوڵدان بۆ کوشتن دەستگیركراون و لەو ژمارەیەش 208 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و 91 تاوانبار پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
گوتیشی: "لە سەرەتای ساڵی 2017 تا ئێستا، 677 تاوانباربەھۆی دزیكردن دەستگیركراون، لە كۆی ئەم ژمارەیە 883 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و 94 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، ھەروەھا 201 كەس بەتۆمەتی ھەڕەشەكردن دەستگیركراون 182 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و 19 تاوانبار پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "لەماوەی ساڵێكدا 503 كەس بە تۆمەتی شەڕ و لێدان دەستگیراون و 478یان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و لە كۆی ئەو ژمارەیە 25 تاوانبار پەڕاویان لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە، ھەروەھا 294 كەس بەھۆی کێشەی قەرزو فێڵ کردن دەستگیركراون، لەمانەش 256 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و پەڕاوی 38 تاوانبار لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە".
لە بەشێكی دیكەی ئامارەكانی پۆلیسی ھەولێردا ھاتووە: "لەماوەی ساڵێكدا 142 كەس تاوانی ساختەکردن لەلایەن ھێزە ئەمنییەكان دەستگیركراون و 92 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و 50 پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. ھەر لەماوەی ئەمساڵدا 307 كەس بەھۆی سەرپێچی کردنە سەر موڵکی دەوڵەت دەستگیركراون و لە كۆی ئەم ژمارەیە 276 تاوانبار پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و پەڕاوی 31 تاوانبار لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".
رائید ھۆگر عەزیز، ئەوەشی خستەڕوو: "لەماوەی ساڵێكدا ھەزار و 196 كەس بەھۆی کێشەی ئاژاوەگێڕی و تەقەکردن دەستگیركراون و ھەزار و 183 كەس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان رەوانەی دادگا کراوە و پەڕاوی 13 تاوانبار لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".
داڕشتنەوە: ھ.م