حدك: خەڵك ھاتوونە سەر شەقام تا كۆتایی بە ستەمی كۆماری ئیسلامی ئێران بێنن

داوای یەكگرتنی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران دەكات

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا حزبی دیموکراتی کوردستان (حدك) پشتیوانی خۆی بۆ خۆپێشاندانەكانی خەڵكی ئێران دەربڕی و رایدەگەیەنێت، خەڵكی ئێران لێبڕاوانە ھاتوونە سەرشەقام تا كۆتایی بە ستەمی كۆماری ئیسلامی بێنن.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "حزبی دیموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دژی رێژیمی زۆردار، بێزراو و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، توند و تیژی نواندنی هێزە سەرکوتکەرەکان بەرامبەر خەڵك و گرتن و دەستبەسەرکردنی خۆپێشاندەران بە توندی مەحکووم دەکا. خەڵکی ناڕازیی ئێران  ئەمجار لێبڕاوتر لە پێشوو هاتوونە سەر شەقام  بۆ ئەوە کۆتایی بەو هەمووە ستەم و بێمافی و سەرکوتە بێنن کە کۆماری ئیسلامی نزیکەی 40 ساڵە بەسەردا سەپاندوون. پاشەکشە و شکستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر خەڵکی راپەڕیو لە گرەوەی بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان، پشتیوانی و بەشداریی هەرچی زیاتری چین و توێژەکانی خەڵك لەو خۆپێشاندانانەدا و فراوانکردنی پانتایی و هاتنە مەیدانی  خەڵکی سەرجەم  شار و ناوچەکانی ئێرانە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا حدك، داوای یەكگرتن و پشتیوانی خەڵك و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێران دەكات و ئەوە دەخاتەڕوو: "ئێمە لە کاتێكدا لە سەر پێویستیی یەکگرتن و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران سەرەڕای جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان و شێلگیربوونیان لە سەر خۆپێشاندان و نارەزایەتیدەربڕین دژی کۆماری ئیسلامی پێدادەگرین، لە سەرلێك نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنی هەر چی خێراتری هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی لە سەر بەرنامەی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو و خۆئامادەکردن بۆ رووبەروو بوونەوە لە گەڵ هەلومەرجی نوێ تەئکید دەکەینەوە. گومانی تێدانیە کە یەکگرتن و هاوکاریی هێز و رێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە گەڵ یەکتر و بایەخدانیان بە ئەرکە پێویستەکانی ئەم قۆناغە".

دارشتنەوە: ھ.م