حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى تۆمه‌ته‌كانى ئێران ده‌داته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له راگه‌يه‌ندراوێكدا وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى تۆمه‌ته‌كانى كۆمارى ئيسلامى ئێرانى دايه‌وه سه‌باره‌ت به پيلانگێڕى دژى ئێران له شارى هه‌ولێر و رايگه‌ياند، "ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م تۆمه‌ته دروستكراوه بێبنه‌مایه كه له هه‌موو ڕاستییه‌كه‌وه دووره، ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه".
ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه
سایتى ته‌سنیمى ئێرانى له زارى ئاغاى موحسینى ڕه‌زایى، سكرتێرى گشتیى ئه‌نجومه‌نى ده‌ستنیشانكردنی به‌رژوه‌ندییه‌كانى ئێرانه‌وه، تۆمه‌تێكى بێبنه‌ماى به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان بڵاوكردۆته‌وه گوایه خۆپیشاندانه‌كانى ئێران له هه‌ولێره‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن!.
ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م تۆمه‌ته دروستكراوه بێبنه‌مایه كه له هه‌موو ڕاستییه‌كه‌وه دووره، ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه. هه‌رێمى كوردستان به كرده‌وه سه‌لماندوویه‌تى كه هه‌میشه فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه بووه و هه‌رگیز ڕێگه‌ى نه‌داوه و نادات ببێته هۆى ئاڵۆزى و دروستبوونى پشێوى له وڵاتانى دراوسێ.
هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ناوچه‌كه و جیهانیش هه‌میشه خوازیارى په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه‌یه له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژوه‌ندیى هاوبه‌ش. ئه‌م جۆره لێدوانانه هیچ خزمه‌تێك به دراوسێیه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامى ناكەن.
سه‌فین دزه‌یى
وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
6/1/2018