فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی رەخنە لە چوونی شاندە حزبییەکان بۆ بەغدا دەگرێت

پێشنیازی پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نێكی دانوستاندکار لەگە بەغدا دەکرێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/fb96eab2-1e70-4fda-92ba-a3e9418f965d/010818ZST.ism/manifest

K24 - ھەولێر

سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ره‌خنه‌ له‌ سه‌ردانی شاندی هاوبه‌شی سێ لایه‌نی سیاسیی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌گرێ و سه‌ردانی شاندی حزبی و تاكلایه‌نی بۆ به‌غدا به‌ ناشه‌رعی و بازردان به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كان كوردستان ناوده‌بات. به‌پێویستیشی ده‌زانێت ئه‌نجوومه‌نێكی دانووستان پێكبهێنرێت بۆ دانووستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق.

ئاری عه‌بدول لەتیف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە كوردستان24 گوت: "دانیشتن و گفتوگۆی ناراستەوخۆی ھەندێك حزب و لایەن و چوونی شاندی ھەندێك لایەن كە دەچنە بەغدا بۆ دانیشتن لەگەڵ حكومەتی عێراق ناشەرعیی دەزانین، وا ھەست دەكەین بازدانە بەسەر دامەزراوە شەرعییەكانی ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، پێویستە ئەنجوومەنێكی باڵای دانوستانكار پێك بھێندرێت، كە گوزارشت لە رای خەڵكی كوردستان بكات و ھەرێمی كوردستان بە یەك پاكێج و یەك گوتار دانوستان لەگەڵ بەغدا بكات".

لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی حزبی كە پێكھاتبوو لە نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و ھاوپەیمانی سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبوونەوە، ئەمەش لە ھەرێمی كوردستان كاردانەوەی لێكەوتەوە، زۆرینەی خەڵكی كوردستان لەگەڵ ئەوەدان دانوستان لەگەڵ بەغدا لە رێگەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بێت نەك حزبەكان.

ھ.م