خانووه‌كانی گوندی كۆری رادەستی خاوەنه‌كانيان دەكرێن
K24 - ھەولێر
هه‌زار خانوو لە گوندی كۆرییەكان ته‌واوبوون و پێشبینی ده‌كرێت لە چەند مانگی داھاتوودا راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان بكرێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خانووه‌كانیان بۆ ده‌رچووه پێویسته 12 هه‌زار و 800 دۆلار بده‌ن به كۆمپانیاكه، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، چونكه به‌شێك له‌و هاووڵاتیانه ده‌ڵێن، لەم دۆخەدا ئه‌و بڕه پاره‌یەیان نییه، لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاماده‌ن پاره بده‌ن بۆ وه‌رگرتنی خانووه‌كانیان بگاته سه‌روی هه‌زار كه‌س، تیروپشكی بۆ ده‌كه‌ن.
عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێستا ھەزار خانوو بە ھەموو خزمەتگوزارییەكانەوە تەواو بووە، تەنھا قوتابخانە و بنكەی تەندروستی ماوە تەواوبێت، لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر و جێگری پارێزگار چەند كۆبوونەوەكمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو ھەزار خانووە دابەش بكرێت بەسەر ئەو كەسانەی كە خانووەكەیان ئامادەیە، دواتر دەست بكرێت بە تەواوكردنی ئەوانی دیكە".
ھاووڵاتیەك بەناوی كەیفی ئیبراھیم، چاوەڕێیە بۆ ئەوەی كلیلی خانووی كۆرییەكان وەربگرێت و ماڵی بباتە نێو خانووەكە ئەو گوتی: "ئەو بڕە پارەیە زۆرە ھەموو پێكەوە بیدەین، بۆیە داوا لە حكومەتی ھەرێم دەكەین، بۆمان بكەن بەشێوەی قست و مانگانە بیدەن".
ھەروەھا عەلی ئەحمەد عەلی، یەكێكە لەو ھاووڵاتیانەی خانووی لە گوندی كۆری ھەیە، بەڵام ھێشتا كلیلی خانووەكەی رادەست نەكراوە، چونكە بەھۆی بارودۆخی چەند ساڵی رابردوو پڕۆژەكە دواكەوتووە، ئەو دەڵێ: "ئێستا بەم قەیرانی دارایی باوەڕناكەم كەس بتوانێ ئەو پارەیە بدات كە پێویستە بۆ رادەستكردنی خانوو بیدەین، من خۆم كرێچیم و ناتوانم ئەو پارەیە بدەم".
پڕۆژەی گوندی كۆری له ساڵی 2014 به‌پێی رێككه‌وتنێكی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیایه‌كی كۆریای باشوور لە ھەولێر لە سه‌ر رووبه‌ری هه‌زار و 592 دۆنم زه‌وی ده‌ستی پێكرد به مەبە‌ستی دروستكردنی 6 هه‌زار و 512 خانوو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كرێنشینان له هه‌ولێر. به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه ته‌واوكردنی پرۆژه‌كه دراوەتە كەرتی تایبەت، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجه‌ی بۆ هاووڵاتیان دانراوه له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی خانووه‌كانیان رەنگە كێشەی لێ بكه‌وێته‌وه و گلەیی زۆری ھاووڵاتیان به‌دوای خۆیدا بێنێت.
داڕشتنەوە: ھ.م