"هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد نییه‌"

رەوتی حیکمە: رێگه‌ به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ناده‌ین
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/45fb53b7-eb70-491d-a843-61b31ba773e3/012018FYV.ism/manifest

 

K24 - سلێمانی

ئەمینداری گشتی رەوتی حیکمە لە ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێگە نادەن ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت، بەڵكو دەبێت لە كاتی دیاریكراو ئەنجامبدرێت، یەکێتی ھێشتا لەگەڵ یەك لیستییە، ھەروەھا یەکێك لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەبێ ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووك و خورماتوو و چەند ناوچەیەکی دیکە، ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی کورد نییە.

حەسەن جیھاد، ھاودیدی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر دۆخی كەركووك و خورماتوو ئاسایی بكرێتە، ئاساییە ھەڵبژاردن بكرێت، ھەروەھا ئێمە پێمانوایە دۆخی كوردستانیش بە ھەڵبژاردن چارەسەر دەكرێت".

رەوتی حیکمەی سەر بەعەمار حەکیم، لە سلێمانی نووسینگەی فەرمی خۆی کردەوە، حەسەن حەکیم، برای عمار حکیم و کەسی یەکەم و ئەمینداری ئەو رەوتەیە لە ھەرێمی کوردستان، ئەو بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنین لەكاتی خۆی، دواخستنی ھەڵبژاردن بە پێشێلكردنی دەستوور دەزانین، بۆیە رێگری لە ھەوڵی دواخستنی ھەڵبژاردن دەكەین".

ھەرچەندە یەك لیستی کوردی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئایندە کە پارتی داوای دەکرد شکستی ھێنا، بەڵام ھێشتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئێستا پرۆسەی بڕیاردان تێیدا وەستاوە یەك لیستیان پێباشە. بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "ئێمە بوونی ھاوپەیمانیەتیمان پێباشە، بۆ ئەوەی ھەموو دەنگە جیاوازەكان كۆبكاتەوە، ئێمە لە ھەرێمی كوردستانیش پێمان باشبوو بە یوك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین، بەڵام بەداخەوە لە یەك لیستی سەركەوتوو نەبووین".

بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ھەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەبچێت، زۆربەی سوننەكانیش داوای دواخستنی ھەڵبژاردنەكان دەكەن بۆ كاتێكی دیكە.

ھ.م