دەربارەی: قۆناغی گواستنەوە و دروستکردنی حکومەتی کاتی

Kurd24

قۆناغی گواستنەوە یان حکومەتی کاتی، لەدوای تەواوبوونی شەڕ بۆ ماوەیەکی کورت یان دیارکراو پێکدەهێندرێ، بۆ ئەوەی کاروباری وڵات بەڕێوە ببا، سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات دیارە، دوای هەڵبژاردنیش، حکومەتی تازە دروست دەکرێت و شوێنی حکومەتی کاتی دەگرێتەوە. حکومەتی کاتی هەمان ماف و ئەرکی حکومەتی ئاسایی هەیە.

بە نەمان و لەناوبردن یان زۆر لاوازبوونی داعش، لە زۆر بەرنامەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئەوروپی باس لە داهاتووی سوریا دەکرێ، کە چۆن دەبی ئەو وڵاتە پڕ لە کێشەیە لە داهاتوو بەڕێوە ببردرێ. پاش خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارەکانی ئێران، دیارە باس لە داهاتووی ئێران و شێوەی حوکمڕانی ئەوێندەریش دەکرێ. بابەتێکی گرنگە و بۆ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوەستەکردن لەسەری پێویستە.

لە زۆربەی گفتوگۆکانی رادیۆ و بەرنامەکانی تەلەفزیۆن باس لە دیموکڕاتییەت و مافی مرۆڤ دەکرێ. دیارە لە پەنجا ساڵی ڕابردوو ئەزموونی زۆر کۆکراوەتەوە، کە چۆن یان چ سیستێمێک بۆ ئەو وڵاتانەی لە شەڕی ناوەخۆ و دیکتاتۆرییەت ڕزگاریان دەبی، باشە سوودی لێوەربگیرێ.

کۆماری ئێراق یەک لەو وڵاتانەیە، بەم ئەزموونە ناخۆشە ڕەتبووە. لە دوای ڕوخاندی ڕژێمی بەعس، لە 12ی تەموزی 2003 ئەنجومەنی حوکم لە 25 ئەندام، کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی ئێراقیان دەکرد پێکهات و پۆل بریمەر وەک حاکمی مەدەنی داندرا. بەگوێرەی ئەلفوبێی ئەبجەدی هەر ئەندامێک بۆماوەی 30 رۆژ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی حوکمی دەکرد. چوار کورد (جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، دارا نورەدین و سەلاحەدین محەمەد بەهادین) لەم ئەنجومەنە ئەندامبوون. ئەنجومەن تا 1ی حوزەیرانی 2004 بەردەوام بوو و حکومەتی کاتی ئێراق دواتر شوێنی گرتەوە.

بەگوێرەی زۆرینەی نامە و بەڵگە و نووسینەکانی کوردی، قۆناغی گواستنەوە لە ئێراق، قۆناغێکی سەرکەوتوو نەبووە. لەجیاتی چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکان، کۆمەڵێک کێشەی تازەی لەگەڵ خۆی هێنا و وڵاتی بەرەو هەردێر برد. کێشەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی بەژمارە کەم لە ئێراق چارەسەر نەکرد، دیموکراتییەت بناغەی بۆدانەندرا و لەگەڵ کات، نەک یاسا، بەڵکو دەستوور پێشێلکرا. ئەم شەڕ و کێشانەی ئەمڕۆ لە ئێراق هەن، بەرهەمی ئەوکاتەن، لەگەڵ ئەوەش دەبی بنووسرێ، بۆماوەی چەند ساڵێک ئێراق هەناسەیەکی ئازادی هەڵمژی، بەڵام بە کێشانەوەی لەشکری ئەمریکی جارێکی دیکە بۆ خاڵی سفر و بۆ دواوە گەڕایەوە و دەمێکە، ئێراق بەرەنگاری تێرۆری بەردەوام و تەقینەوە و دواتریش شەڕی داعش بۆتەوە، کە تا ئێستاش بە تەواوی بەرۆکی بەرنەدایە.

بەهاری عەرەبی، کەشوهەوای دروستبوونی حکومەتی کاتی لە جیهانی عەرەبی هێناپێشەوە، کە لە تونس بە خۆسوتاندنی دەرچووی زانکۆ و بێکار، محەمەد ئەلبوعەزیزی لە 17ی دێسێمبەری 2010 لە شاری سیدی بوزید، دەستپێکرد و لەماوەیەکی کورت سەرۆک زەین عابدین، بۆ سعودیە دەرپەڕی، دواتر زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە. لە 25ی کانوونی دووی 2011 پڕوشکی گەیشتە میسر، لە 17ی شوبات لە لیبیا خۆپیشاندان دەستیپێکرد، دواتر یەمەنی گرتەوە و لە 18ی ئازار شەپۆلی ناڕەزایی گەیشتە سوریا و لێرە دایکوتا. دواتر بەحرێن و جەزائیر ئوردەن و مەغرب و هەندێک وڵاتی دیکە و بە نەرمیش سعودیای گرتەوە وئەم بەهارە عەرەبییە، ئێستا لە کۆتایی نزیکە. ئەم زنجیرە خۆپیشاندانە، کۆمەڵێک ڕژێمی لە تونس، میسر، لیبیا، یەمەن گۆڕی و ڕیفۆرم لە بوارەکانی: کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری...هتد، لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەستپێکرا. لێرە گرنگە ئاماژە بەو فاکتە بکرێ، ئەگەر پشتیوانی تەواوی روسیا لە ڕژێمی ئەسەد بەو شێوەیەی ئێستا نەکرابا، سوریا زیاد لە پێنج ملیۆن ئاوارە و دەربەدەری نەدەبوو، وەک ئێستا وێران نەدەبوو و چارەنووسی ئەسەدیش لە قەزافی و حوسنی موبارەک باشتر نەدەبوو، لەوانەیە داعشیش پەیدا نەدەبوو، لەگەڵ ئەوەش زۆر بە جددی بیر لە داهاتووی سوریا دەکرێتەوە، کە چ رژێمێک شوێنی ئەسەد بگرێتەوە.

جۆن کێری لە کۆنفرانسی مۆنتێرا 2 لە سویسرا، کە لە 22ی کانونی دووی 2014 بەسترا گوتی: بەشار ئەسەد ناتوانی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی قۆناغی گواستنەوە لە سوریا. ناکرێ بیر لەوەش بکرێتەوە، کەسێک وڵاتی خۆی وێران بکا و بیریش لە ئەندامبوونی ئەنجومەن بکاتەوە.

لە دوای 11ی ئەیلول دیارە لە ئەڤغانستانیش Afghan Interim Authority حکومەتی کاتی یان دەوڵەتی موەقەتی ئەڤغانی دامەزرا. بەڵام لێرەش ئەو ئاشتییە نەهاتە کایەوە، کە هەموو لایەک چاوەڕێی بوون.

لە هیچ ئەو وڵاتانەی سەرەوە، بە هەڵبژاردن و دروستکردنی حکومەتی نوێ، ئەو ئاشتییە بەرهەم نەهات، کە خەڵک چاوەڕێی دەکرد. لەوانەیە باشتر دەبوو، ئەگەر حکومەتێكی کەمێک توند، سەرکردەیەکی وڵاتپارێز و دەستێکی پۆڵایین وڵاتی بەڕێوە ببردبا، بۆئەوەی ڕێگا نەدرێ، دیموکراتییەت و بەرەڵلایی تێکەڵ بەیەکتر بکرێن، خەڵکێکی زۆر مافیان بوخرێ، دزی گەندەڵی میوانی هەموو ماڵێک بێت و بەرۆکی هەموو کەسێک بگرێ.

دیارە قۆناغێ گواستنەوە لە روسیا لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیێت لە 26ی دێسێمبەری 1991، پڕە لە بەرزی و نزمی و حکومەتی یەلتسن نەیدەتوانی بەسەر کێشەکانی ناوەخۆ و دەرەوە زاڵبیت، هاوڵاتی دەکوژرا، غەدری لێدەکرا، پارە رۆژانە نرخی دادەبەزی و گۆرەپان بۆ مافیا و ڕێگر و هەڵپەرستان واڵابوو و بە ئارەزووی خۆیان تێیبەربووبوون. پوتین بە دەستە پۆڵایینەکەی، لەماوەیەکی کورت، هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی و جەلەوی وڵاتی گرتە دەست و لەم 18 ساڵەی ڕابردوو، جارێکی دیکە روسیا لەسەر سککەی خۆی داندرایەوە. ڕاستە ئازادی کەمترە، بەڵام ئاسایش و سەقامگیری هەیە.