ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش به‌رامبه‌ر عه‌فرین بێده‌نگی هه‌ڵبژارد
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌یان به‌بێ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ی سه‌ركۆنه و راگه‌یێنراوێكی هاوبه‌ش و هیچ بڕیاڕیارێك له‌سه‌ر ره‌وشی عه‌فرین كۆتایی پێهێنا.
له كۆتایی ئه‌و دانیشتنه‌دا كه بۆ راوێژكردن له‌سه‌ر داوای به‌په‌له‌ی فه‌ڕه‌نسا ئه‌نجامدرابوو، فرانسوا دۆلاتهر، باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گووتی: "نیگه‌رانییه‌كی قوڵمان له‌باره‌ی بارودۆخی باكووری سووریا هه‌یه كه به‌رده‌وام گرژییه‌كان تێیدا روو له هه‌ڵكشانه"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به عه‌فرین زۆر به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرد، له كاتێكدا له رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه سوپای توركیا و میلیشیا سوورییه‌كانی هاوپه‌یمانی له زه‌مین و ئاسمانه‌وه هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر شاره‌كه و له‌گه‌ڵ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" له شه‌ڕدان و خه‌ڵكی سڤیلیش بوونه‌ته قوربانی.
باڵیۆزه‌كه‌ی فه‌ڕه‌نسا، قسه‌كانی ژان ئییڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی دووباره‌كرده‌وه كه داوای له ئه‌نقه‌ره كردبوو "دان به خۆیاندا بگرن" ، دۆلاتهریش گووتی: "ئه‌و داواكارییه پاڵپشتییه‌كی فراوانی له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌شدارن. لێ ده‌كرێت".
باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ته‌ئكیدی كرده‌وه "كاری له پێشینه‌یان یه‌كڕیزیی نێوان هاوپه‌یمانانه له جه‌نگی دژی داعشدا و عه‌فرینیش به‌و رهوشهیهوه ته‌نها ده‌بێته یه‌كێكی دیكه له ره‌گه‌زه‌كانی قه‌یران له سووریا".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی فرانس پریس، هیچ نوێنه‌رێكی دیكه‌ی وڵاته كاریگه‌ره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، قسه‌یان له‌باره‌ی ره‌وشه‌كه‌وه نه‌كردووه‌و نیكی هێلی، باڵیۆزی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش، به‌شداریی ئه‌و دانیشتنه‌ی نه‌كردووه كه بۆ راگۆڕینه‌وه بووه له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه.
به‌ڵام پێشتر، ریكس تیلرسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له له‌نده‌نه‌وه نیگه‌رانی خۆی له‌سه‌ر ره‌وشه‌كه راگه‌یاندبوو و داوای له هه‌موو لایه‌نه‌كان كردبوو دان به خۆیاندا بگرن.