رێككه‌وتنی رووسیا و توركیا.. عه‌فرین به‌رامبه‌ر ئیدلب
K24 - هه‌ولێر:
"توركیا هه‌وڵ ده‌دات وا له رووسیا بكات، ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانه گرنگه‌كه‌ی بێت"، ناوونیشانی وتارێكه له‌لایه‌ن مۆسكڤین و ئه‌ندرێ ریزشكۆف له رۆژنامه‌ی "ڤیزگلیاد"ی رووسییه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه و باس له رێككه‌وتنێكی گه‌وره‌ی نێوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆ ده‌كات تایبه‌ت به عه‌فرین.
له‌و وتاره‌دا باس له‌وه كراوه، رووسیا و توركیا گفتوگۆ له باره‌ی رێككه‌وتنێكی گه‌وره ده‌كه‌ن له سه‌ر عه‌فرین، ئه‌و شاره‌ی كه ئێستا ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت داگیری بكات، كه تا نووسینی وتاره‌كه‌ش، له ژێر كۆنتڕۆڵی كورددایه و سه‌ربازی رووسیاشی تێدا بوو.
ئه‌و نووسه‌رانه باس له‌وه ده‌كه‌ن، هه‌ندێك كه‌س ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، مۆسكۆ ده‌یه‌وێت ئه‌و شاره راده‌ستی ئه‌نقه‌ره بكات، له به‌رامبه‌ریشدا شتێكی لێوه‌ربگرێت.
به گوێره‌ی وتاره‌كه، رووداوه‌كانی عه‌فرین په‌یوه‌ندییه‌كی به هێزی به رووداوه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌یه، به‌تایبه‌تیش ئیدلب، وه‌ك ناسراویشه شاره‌كه به‌سه‌ر چه‌ند گرووپێكدا دابه‌ش بووه، دیارترینیشیان به‌ره‌ی "ته‌حریری شام"ی تیرۆریستییه.
هێزه‌كانی سه‌ر به رژێمی سووریا، ده‌یانه‌وێت كۆنتڕۆڵی بنكه‌ی ئاسمانی "ئه‌بو زهوور" بكه‌ن، له ئه‌نجامیشدا ده‌بێت ناوچه‌كه له چه‌ك دابماڵدرێ و ببێته‌وه ناوچه‌یه‌كی حوكمی زاتی، ئه‌نقه‌ره‌ش رازی بووه به‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردان نه‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له ناوچه‌كانی باشووری ئیدلب، پاشه‌كشه‌ی به‌و هێزانه كردووه كه پاڵپشتییان ده‌كات، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌وڵده‌دات پێگه‌ی خۆی له عه‌فرین به هێز بكات.
هه‌ر به گوێره‌ی وتاره‌كه، ئه‌نتۆن مارداسۆڤ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی توێژینه‌وه‌ی ململانێكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له په‌یمانگه‌ی گه‌شه و داهێنان، رایگه‌یاندووه، ئێستا رووسیا ناتوانێت كۆسپ بخاته به‌رده‌م پرۆسه سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا له عه‌فرین.
مارداسۆڤ بۆ رۆژنامه‌ی "ڤیزگلیاد" ده‌ڵێت: "دیمه‌شق هیواخوازه زۆرترین ژماره‌ی چه‌كدارانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ په‌لاماردانی عه‌فرین كۆبكاته‌وه، ئه‌و پرۆسه‌یه وا ده‌كات دیمه‌شق به ئاسانی كۆنتڕۆڵی زۆرترین خاكی ئیدلب بكات، وه‌ك هه‌مان سیناریۆی به‌ر له ساڵێك پێش ئێستای حه‌له‌ب، كه توركیا گرووپه‌كانی نزیك له خۆی پاشه‌كشه پێكرد و به‌و شێوه‌یه‌ش به‌رگری شاره‌كه لاواز بوو".
رۆژنامه‌كه، له زاری ستانسیلاڤ ئیڤانۆڤ، توێژه‌ر له ناوه‌ندی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به په‌یمانگه‌ی مۆسكۆی حكوومی بۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ڵێت: "هێرشه‌كه‌ی سه‌ر عه‌فرین، پێشێلكارییه‌كانی زه‌قی سه‌روه‌ری خاكی سووریایه، رووسیاش پێداگره له‌سه‌ر به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی كورد به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان له دانوستانه‌كانی ئاستانه و جنێڤ، بۆیه پێموانییه رووسیا ده‌ستبه‌رداری كورد بێت".
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه سوپای توركیا، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌تیبه‌یه‌كی سوپای سووریای ئازاد، كه پاڵپشتییان ده‌كات، هێرشیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستپێكردووه و تا ئێستاش وڵاتانی زلهێز و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، هیچ هه‌ڵوێستێكی جدییان له‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه نه‌بووه.
سه‌رچاوه: RT
ا. م