توركیا داوا لە ئەمریكا دەكات دەستبەجێ لە منبج بكێشتەوە

"دەبێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەپەگە كۆتایی پێبێنێ"

K24 - ھەولێر

توركیا داوا لە ئەمریكا دەكات دەستبەجێ لە منبج بكشێتەوە و ھاوكارییە سەربازییەكانیش بۆ یەپەگە بوەستێنێ.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا بە ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە: "پێویستە ئەمریكا، دەستبەجێ لە منبج بكشێتەوە و ئەمریكا ھەموو ھاوكارییە سەربازییەكان بۆ یەپەگە بوەستێنێ و ئەوە بە شێوەی كردەیی جێبەجێ بكات تەنھا زارەكی نەبێت".

وەزیری دەرەوەی توركیا راشیگەیاندووە: "دەبێ ئەمریكا كۆتایی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەپەگە بێنێ و لەبارەی یەپەگە چاوەڕێی ھەنگاوی پراكتیكی لە ئەمریكا دەكەین".

پێشتر ژمارەیەك لە به‌رپرسانی توركیا باسیان لەوەكردووە، كه‌ دوای ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین، ده‌چنه‌ منبج و قه‌ندیل و شنگال.

ئەوە لە كاتێكدایە لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆمبابارانكردنى شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ فەرمی ده‌ستيپێكرد.

ئۆپەراسيۆنه‌كه‌ وێڕاى به‌شدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌كانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئه‌و وڵاته‌، به‌ ياوه‌رى ده‌يان هه‌زار له‌ چه‌كداره‌ ميليشياييه‌كانى "سوپاى سوورياى ئازاد" به‌ڕێوه‌ده‌چێت.