دەربارەی بەرنامەی: جوتیارێکی دەرەجە یەک باش

Kurd24

بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دانمارکی بەناوی: (Hundra procent bonde - سەد لە سەد جوتیار) لە کەناڵی دووی سویدی هەفتەی جارێک پیشان دەدرێ. درێژی ئەم بەرنامە ڕێپۆرتاژییە 27 - 28 خولەکە و لەلایەن Frank Erichsen و Theresa ی خێزانی و هەردووک منداڵیان ئامادە دەکرێ. ئەم بەرنامەیە لە Grenå 60 کم نزیک شاری Århus  لە دانمارک لە گوندێکی گچکەی شاخاوی تۆمار دەکرێ، کە ئەم خێزانە جوتیارە لێی دەژین. هەمان بەرنامە لە وڵاتەکانی نەرویج و فینلاندیش پیشان دەدرێ، یەکەم زنجیرەی لە ساڵی 2008 تۆمار کرا. لەکاتی ئێستا 18 خول (سێزۆن) تۆمار کرایە و هەر سێزۆنێک 10 ئەلقەیە. لە ئەلقەی سێی 2018 فرانک سەردانی گوندێکی شاخاوی نیپالی کرد، کە بزانێت و  فێربێت چۆن ئەوان ژیان بەسەر دەبەن و چۆن دەژین و چۆنیش نان پەیدا دەکەن؟ لەم گوندە بەشداری لە کۆمەڵێک کار کرد لەوانە: چۆن گوندنشین و جوتیارەکانی ئەم هەرێمە شاخاوییەی نیپال داس دروست دەکەن، چۆن ئەوان زەمبیل و تریان و قەتارە بە شوڕکە دار دروست دەکەن، چۆن تەون دەکەن و مافوور دەچنن.

فرانک پێشتر هەر هەموو ئەو کارانەی لە ماڵی خۆی کردبوو، بەڵام دیارە لە نیپال تەکنیکی جیایان بەکار دێنا. فڕانک بەخۆی هەزار پیشەی هەیە: خانوو دروستکردن، بۆڕی ڕاکێشان، کارەباچیێتی، کاشیلێدان و سپیکردن، دارچاندن و بڕین و موتربەکردن، بۆیاغ و زەوی کێڵان، ئاسنگەری، دارتاشی، چاندن و دوورینەوە، بەخێوکردنی پەلەوەر و مەڕوماڵات، هەڵگرتنی خواردن بۆ زستان هەروەها چێشت لێنان، ماست، لۆر، پەنیر، مورەبا و تورشی و کەمپوت و هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانەی بۆ ژیانی ڕۆژانە پێویستن، بۆ ئەو زستانە ساردەی کێوەکانی دانمارک پێویستن، فرانک بەدەستی خۆی دروستیان دەکات، ئینجا لەو گوندەی نیپاڵ دەیگوت: لێرە دەبی هەزار پیشەت هەبی، بۆئەوەی بتوانی بژی.

ئەم بەرنامەیە بینەری یەکجار زۆری هەیە، بێگومان بۆ ئەوە کۆمەڵێک هۆهەن، بەڵام زیاتر لەبەر ئەوەی خەبات و ماندوبوونی مرۆڤ بۆژیان پیشان دەدا، باوک و باپیرانمان دێنێتەوەبیر و ژیانێکی لەبیکراو وەبیر بینەران دەهێنێتەوە.

فرانک هیچ کاتی بۆدانیشتن نییە و لەگەڵ بانگدانی کەلەشێری بەیانیان بەئاگادێت و تا درەنگی شەو بە خۆی و منداڵەکانی خەریکی کارکردنن. ئەو دەیەوێ ژیانێکی ئاسان بژیت و خۆی، خۆی لەم ژینگە سەختە بژیێنی. سەرکەوتنی ئەم پرۆگرامە لەوەدایە، کە چۆن فڕانک چارەسەری ئاسان و عەمەلی بۆ کێشە و گرفتەکانی ڕۆژانەی خۆی دەدۆزێتەوە.

بیرۆکەی ئەم بەرنامەیە لەوانەیە لە رۆمانی Robinson Crusoe وەرگیرابێ، کە لەلایەن Daniel Defoe لە ساڵی 1719 نووسرایە. لەم ڕۆمانە پاپۆڕی رۆبینسۆن نقومدەبێت، تەنیا خۆی دەمینێت و بۆ ماوەی 28 ساڵ لە دوورگەیەک بەتەنیا دەژی، بۆ مانەوەشی ناچارە بەردەوام لە خەبات و تێکۆشان بۆ خواردن و نان پەیداکردن دابێت.

لە بەرنامەیەکی پاییزی ڕابردوو، فرانک بیری لە وەگیرکەوتنی کارەبا کردەوە. خانووی فڕانک لەسە چیایەک هەڵکەوتووە و بە تەنیشت ماڵەکەی جۆگەیەکی باریکی ئاو هەبوو، فڕانک بیری کردەوە، کە چۆن سوود لەم جۆگە ئاوە وەربگرێت و کارەبای لێ دروست بکا. لەسەرەتا گۆمێكی بڕەک گەورەی لەسەر جۆگە ئاوەکە دروستکرد، کە ئاوەکەی تێیدا کۆدەبۆوە، ئەمجارە لولە بۆڕیێكی تێخست، ئاو بەتەوژمێکی زۆر لەو لولە بۆڕییە دەهاتەدەر و لە پەروانەیەکی دەدا و پەروانەش بە دینەمۆیەک بەسترابۆوە و بەخێرایی دەیسوڕاند. لەم پرۆسەیە کۆمەڵێک گلۆپ داگیرسان و کارەبای بەلاش و خۆماڵی، ماڵی فرانکی ڕووناک کردەوە.

بەرهەمهێنانی کارەبا، بەو ئیمکانیاتە کەمە، بۆمن داهێنانێكی سەرنجڕاکێش و تازەبوو، بەتایبەتیش کە من بینیومە، لەم جۆگە و چیایانەمان بە هەزار لە کوردستان هەیە، کەس نەیتوانیوە وەک فرانک سوودیان لێوەربگری.

من ناڵێم، ئێمەی کورد میللەتێکی تەمبەڵین، چونکە پێش نزیکەی 35 ساڵ لە سوید، ژنێکی نەرویجی بە من و برادەرێکی گوت: کورد گەلێکی تەمبەڵن. هەردووکمان زۆر برینداربووین و تێنەگەیشتین، بۆچی ئەو قسەیەی بە ئێمە گوت، لە کاتێککدا هەردووکمان کارمان دەکرد و خۆمان خۆمان دەژیاند، بەڵام ئێستا بیر لەو جوتیارەی دانمارک دەکەمەوە و تێدەگەم، ئێمە لە بێچووە چۆلەکە دەکەین، دەمانەوێ کەسێک بمانژیێنێت و خواردن لەدەممان بکا. مێشکی خۆمان بەکار ناهێنین و چاوەڕێین کەسێک بێت لە کێشەکان یارمەتیامن بدا. پشتبەخۆمان نابەستین و بە ئاسانی خەتاکان لەسەرخۆمان لادەبەین، لە هەمووش گرنگتر، هیچ سوودمان لەو ژینگە جوان و دەوڵەمەندەی کوردستان وەرنەگرتووە، کە ژیانی خۆشتر و تێرتر و ئاسانتر دەکردین.