خەڵكی عەفرین: ھەموو قوربانییەك دەدەین و شارەكەمان رادەست ناكەین
K24 - عەفرین
ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر شاری عەفرین بەردەوامە، بەوھۆیەوە ژمارەیەك لە خەڵكی سڤیلی شارەكە بوونەتە قوربانی، تیمی كوردستان24 گەیشتە شاری عەفرین و دانیشتووانی شارەكە لەبارەی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین دەدوێن و باس لەوە دەكەن، بەھۆی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لەبارودۆخێكی خراپ ژیان بەسەردەبەن، بەڵام ئامادەن ھەموو قوربانیەك بدەن بۆ بەرگریكردن لەشارەكەیان.
زولێخا عەبدولرەحمان، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی عەفرینە ئەو بە كوردستان24 گوت: "ئێستا لە عەفرین بەھۆی بۆردوومان و تۆپباران رۆژانە ژن و منداڵ گیان لەدەست دەدەن، لێرە خەڵك لە رەوشێكی خراپ دەژین، داوا لە جیھان دەكەین لەسەر عەفرین بێنەدەنگ، ئێمە لەسەرخاكی خۆمانین و زوڵمان لە كەس نەكردووە، ھەموو قوربانیەكیش دەدەین شاری خۆمان بۆ كەس چۆڵ ناكەین".
ھاووڵاتیانی عەفرین داوا دەكەن ھێرشەكانی توركیا بۆسەر شارەكەیان بوەستێندرێ، ئێستا بەشێكی زۆر لە دانیشتووان ئاوارەبوونە و لە ئەشكەوتەكان ژیان بەسەردەبەن.
لەناوشاری عەفرین ھاووڵاتیەكی دیكەی شارەكە بۆ كوردستان24 دواو گوتی: "لەوكاتەی ئۆپەراسیۆنی توركیا دژی عەفرین دەستی پێكردووەو باری نا ئاسایی لەشارەكە راگەیەندراوە، خەڵكی عەفرین بە ھەموو چین و توێژەكانی وازیان لەكاركردن ھێناوە و ھەركەسە و بەپێی توانا و شارەزای خۆی ھاوكارە بۆ پاراستنی شارەكە، ئەوانەی ناتوانن بچنە سەنگەرەكان لەناوشاردا بە كۆكردنەوەی ھاوكاری و كارێكی دیكە یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی عەفرین".
ھاوكات لەگەڵ بەرگریكردنی ھێزەكانی سووریای دیموكرات لەسەر سنوورەكان، ھاووڵاتیانی عەفرین لەناوشاردا بە خۆپێشاندان و چالاكی مەدەنی داوای وەستاندنی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر عەفرین دەكەن.
كفیەت حەسەن، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لەشاری عەفرین، بە كوردستان24 راگەیاند: "لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر عەفرین، سوپای توركیا بەھەموو جۆرە فڕۆكە و چەكی گەورە بۆردوومان و تۆپبارانی عەفرین دەكات".
گوتیشی: "راستە عەفرین شارێكی كوردستانییە، بەڵام بەھۆی شەڕی سووریا، زۆرێك لە خەڵكی شارەكانی سووریا ئاوارەبوونە ئێستا لە عەفرین دەژین، ئێرە بووەتە پەناگە بۆ خەڵكی شارەكانی سووریا، بێ ھیچ ھۆكارێك رەوشی عەفرین تێكدەدرێت".
لە 20/1/2018، هێرشى توركيا بۆ سهر عەفرين له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زهيتون" و به بۆمبابارانكردنى شارهكه له لايهن فڕۆكه جهنگييهكانى توركياوه به فەرمی دهستيپێكرد.
ئۆپەراسيۆنهكه وێڕاى بهشدارى تانك و زرێپۆش و تۆپخانهكانى سوپاى توركيا و هێزى ئاسمانى ئهو وڵاته، به ياوهرى دهيان ههزار له چهكداره ميليشياييهكانى "سوپاى سوورياى ئازاد" بهڕێوهدهچێت.
داڕشتنەوە: ھ.م