ئه‌ردۆغان: ده‌بێت عفرين له يه‌كينه كورده‌كان پاك بكرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، ئه‌مريكا به‌ڵێنه‌كانى له سووريا به‌جێ نه‌گه‌ياندوون و ناكه‌وينه هه‌مان ته‌ڵه‌وه له عفرين و ده‌بێت ئه‌و شاره "له يه‌كينه كورده‌كان پاك بكرێته‌وه".
ئه‌مڕۆ ئه‌ردۆغان له به‌رده‌م به‌رپرسانى خۆجێى پارته‌كه‌يدا له ئه‌نقه‌ره وته‌يه‌كى پێشكه‌شكرد و تێيدا گوتى: "به هۆى پشتيوانيكردنى له هه‌ندێك گرووپى تيرۆريست، ئه‌مريكا بووه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م شه‌ڕى يه‌كينه‌كان و رێكخراوى داعش".
گوتيشى: "ئه‌وه‌ى داعشى درووستكرد، هه‌مان ئه‌و لايه‌نه‌يه كه يه‌كينه‌كانى پاراستنى كوردى درووست كرد".
ئاماژه‌شى به هه‌ماهه‌نگى نێوان يه‌كينه‌كان و داعش كرد و گوتى: هێشتا هه‌ن داواى ئازادى بۆ ئه‌و گرووپانه ده‌كه‌ن.
ئه‌ردۆغان گوتيشى: "توركيا به‌رده‌وام ده‌بێت له شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو رێكخراوه تيرۆريستييه‌كان".
سه‌باره‌ت به له‌شكركێشى ئيدلب، ئه‌ردۆغان گوتى: "ئه‌و پرۆسه‌يه به‌رده‌وامه و به گوێره‌ى پلانى خۆى ده‌ڕوات به‌ڕێوه و پرسى ئيدلبيش له لوتكه‌ى سوچيدا ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى وتوێژه‌كان ده‌بێت".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، "پێشكه‌وتنێكى راسته‌قينه له هه‌ڵوێستى ئێران و رووسيا له‌و باره‌يه‌وه هاتووه‌ته‌دى".
پێشتر ئه‌مريكا رايگه‌ياندبوو، كه‌له پرسى كشانه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش له ره‌ققه تێوه‌نه‌گلاون، له‌و باره‌يه‌وه ئه‌ردۆغان گوتى: ئه‌و قسه‌ى ئه‌مريكا "قه‌ناعه‌ت پێكه‌ر نييه".
پێشتر ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندوو، ئه‌مريكا به‌شداره له شه‌ڕى يه‌كينه كوردييه‌كانى پاراستنى گه‌ل و توركياش ئه‌و يه‌كينانه به درێژكراوه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان و تيرۆريست ده‌ناسێنێت.
رۆژنامه‌ى سه‌باحى توركى بڵاويكردووه‌ته‌وه، كه ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندووه، "ئه‌مريكا مووچه ده‌داته تيرۆريستانى هێزه كوردييه‌كان و به 3 هه‌زار و 500 بارهه‌ڵگريش كه زرێپۆشيان له‌ناو بووه، كۆمه‌كى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى كردوون".
سه‌رۆكى توركيا باسى له‌وه‌شكرد، ئه‌مريكا 13 بنكه‌ى سه‌ربازى له سووريا هه‌يه. ئه‌مه‌ش ئه‌و لێدوانه‌ى به‌رپرسانى ئه‌مريكا ره‌تده‌كاته‌وه كه ده‌ڵێن سه‌ربازه‌كانمان له شه‌ڕه‌كاندا شانبه‌شانى هێزه كوردييه‌كان به‌شدارى ناكه‌ن.
له رابردوودا توركيا زۆر هه‌وڵيدا ئه‌مريكا رێگه نه‌دات يه‌كينه كوردييه‌كان شه‌ڕى ره‌ققه و منبج بكه‌ن و پێشنيازى ئه‌وه‌ى كرد، به‌يه‌كه‌وه ئه‌و شه‌ڕه بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مريكا داواكه‌ى توركياى ره‌تكرده‌وه.
له سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى داعشه‌وه، زۆرينه‌ى راپۆرته نێوده‌وڵه‌تييه‌كان ئاماژه‌يان بۆ ئه‌وه ده‌كرد، توركيا ده‌روازه‌ى سه‌ره‌كى چوونى چه‌كداره بيانييه‌كانه بۆ ناو داعش و ده‌سه‌ڵاتدارانى توركيا له‌و رووه‌وه هيچ رێگرييه‌كيان پيشان نه‌داوه.
له ئێستادا توركيا ئه‌مريكا و كورده‌كانى سووريا به هاوكاريكردنى چه‌كدارانى داعش تۆمه‌تبار ده‌كات.
سه‌رچاوه: رۆيته‌رز، RT