يه‌ڵدرم: ئێمه باجى ناسه‌قامگيرى ره‌وشى عفرين ده‌ده‌ين
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بن عه‌لى يه‌ڵدرم رايگه‌ياند، توركيا باجى نه‌بوونى سه‌قامگيرى عفرين و ناوچه‌كانى باكوورى خۆرئاواى سووريا و ئيدلب ده‌دات.
يه‌ڵدرم، سه‌باره‌ت به ره‌وشى ئه‌منى ناوچه‌كانى باكوورى سووريا گوتى: سه‌رجه‌م رێكخراوه تيرۆريسته‌كان ده‌سه‌ڵات له يه‌كدى وه‌رده‌گرنه‌وه و له‌و نێوه‌دا ته‌نيا ئێمه و بێتاوانه‌كانى سووريا باجه‌كه‌ى ده‌ده‌ين.
گوتيشى: به هۆى ئه‌وه‌ى ئێمه وڵاتى دراوسێى سوورياين، ئه‌و پرسه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى به‌رده‌وام بۆمان.
ئاماده‌يى وڵاته‌كه‌شى ده‌ربڕى بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك ئه‌گه‌ر له ناوخۆ يان له ده‌ره‌وه‌ى توركيا رووبه‌ڕوويان ببێته‌وه.
دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مريكا رايگه‌ياند، پارێزگاى ئيدلب بووه‌ته گه‌وره‌ترين بنكه‌ى چه‌كدارانى قاعيده له جيهاندا، توركيا نيگه‌رانى دايگرتووه.
به گوێره‌ى لێدوانى يه‌ڵدرم نيگه‌رانييه‌كانى توركيا له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، هێزه‌كانى ئه‌مريكا پشتيوانى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى ئيدلب بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتى هێزى كورديى له باكوورى سووريا زياتر ته‌شه‌نه بسێنێت.