قوتابخانەی كۆبانێ لە ھەولێر سەركۆنەی ھێرشەكانی سەر عەفرین دەكات

"دەخوازین ھێرشەكانی سەر عەفرین بووەستێندرێن"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بۆ پشتیوانیكردن لە عەفرین و شەرمەزاركردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین، قوتابخانەی كۆبانێ لە ھەولێر، لە چالاكییەكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك مامۆستا و قوتابیانی خەڵكی عەفرین، ناڕەزایی خۆیان دژی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین دەربڕی و داوا دەكەن شەڕ بووەستێندرێ.

لەتیفە حسێن، یەكێكە لە قوتابیانی قوتابخانەی كۆبانێ لە ھەولێر، ئەو خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە لە عەفرین لە دایكبووە، بە كوردستان24 گوت: "عەفرین شارێكی كوردستانە، نەك توركیا، ئێمە ھەموومان نیگەرانین بۆ رەوشی عەفرین و دەخوازن ھێرشەكانی سەر عەفرین بووەستێندرێن".

یەكێكی دیكە لە قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە بەناوی جەیلان، كە ئەویش خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و گوتی: "ئێمە حەزناكەین شەڕ ھەبێت، داوا دەكەین ئاشتی بەرقرابێت و منداڵانی كورد لە عەفرین لە قوتابخانەكان بخوێنن، ھیواشمان ئەوەیە ھەموو كورد یەكڕیز و یەك دەنگ بێت".

رۆژین حننان، ھاووڵاتییەكی رۆژئاوای كوردستانە و بەشداری لە چالاكی قوتابخانەی كۆبانێ كردبوو، ئەو دەڵێت: "ھێشتا سوپای توركیا نەگەیشتووەتە ناو عەفرین، بەڵام ترسی زۆر ھەیە بگاتە ئەوێ و وێرانی بكات، كەسوكارمان لەوێیە و دڵمان لای ئەوانە، دەخوازین شەڕ بووەستێندرێ، خەڵكی عەفرین لەسەر خاك و نیشتمانی خۆی دەژیت، خاكی كەسی داگیر نەكردووە".